دەستبەسەر کران و ناڕوونیی چارەنووسی ٢ لاوی کوردی خەڵکی سەردەشت

13:58 - 13 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: چارەنووسی ٢ لاوی سەردەشتی پاش ئەوەی ٣ مانگ پێش ئیستا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کران، چارەنووسیان بەناڕوونی ماوەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو لاوی سەردەشتی بەناوەکانی ئومید بەیگ‌زادە و ناسر کەریمی خەڵکی شاری سەردەشت کە سێ مانگ پێش ئێستا لەلایەن ‌‌هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراون، هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ هێزە ئیتلاعاتییەکان تاوانی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان راگەیاندووە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی لەماوەی ئەو سێ مانگەدا، بنەماڵەی ئومید بەیگ‌زادە و ناسر کەریمی، دەیان جار سەردانی ناوەندە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی شاری \"سەردەشت\"یان کردووە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان هەتا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی و شوێنی راگرتنی رۆڵەکانیان پێ رانەگەیاندوون.

لەلایەکی دیکەوە هاووڵاتییەکی خەڵكی گوندی \"باوەرێز\"ی سەربە ساری سنە بەناوی \"فەرزاد حاجی میرزایی\" تەمەن ٣٠ ساڵ و کوڕی عەبدوڵڵا، کە دوو حەفتە پێش ئێستا لەلایەن ‌هێـزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شاری سنە دەستبەسەر کرا، چارەنووسی بە ناڕووونیی ماوەتەوە.