دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە مەهاباد درێژەی هەیە

12:00 - 11 گەلاوێژ 2721

لە درێژەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە مەهاباد، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بە ناوی "کاوە سلێمان‌پوور"، خەڵکی گوندی "خوڕخوڕە"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە.

هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییەیان بەبێ بەڵگەی یاسایی و لە دووکانەکەی لە مەهاباددا، دەسبەسەر کردووە.

هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو بێئاکام ماوەتەوە و لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی کاوە سلێمان‌پوور، زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی گەلاوێژ، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "هێمن قەرەداغی"، کوڕی حوسێن، "ڕزگار عەینالوو"، کوڕی ئەمیر، "ئەحەد سۆنە"، کوڕی ڕەحیم و خەڵکی گوندی "ئیندرقاش" سەر بە بەخشی ناوەندیی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.