دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامی، هاووڵاتییەکی کرماشانیی لەسێدارە دا

20:07 - 27 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییەکی کورد بە بڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە زیندانی شاری زاهیدان جێبەجێ کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی تەمەن ٤٠ ساڵەی خەڵکی ناوچەی قەسری شیرین لە ئوستانی کرماشان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ٢٧ بەفرانبار لە زیندانی ناوەندیی شاری زاهیدان لە سێدارە درا.

هەواڵنێری کوردپا لە کرماشان، شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی (کوورش ئەمینیان و تەمەن ٤٠ ساڵ) راگەیاندووە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە: \"کوورش لە کاتێکدا لەسێدارە دراوە، کە رەوتی دادگایی کرانەکەی کۆتایی پێ نەهاتووەو هەتا ئێستاش حوکمەکەی لە دیوانی باڵای وڵات نەگەڕابوویەوە\".

ئەو زیندانییە کوردە، کە ماوەی ٤ ساڵ لە زینداندا بووە، لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامییەوە بە بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان تۆمەتبار کرابوو.

پێشتر هێندیک لە سەرچاوەکان بڵاویان کردبوویەوە، کە بەرێوەبردنی حوکمی لەسێدارەدرانی کوورش ئەمینیان بەدوور لە جاوەڕوانی نییە.

کوورش ئەمینیان خێزاندار و باوکی دوو منداڵیش بووە.