دیسان کۆڵبەرێکی کورد بووە قوربانیی

15:00 - 26 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی ڕاوەدوونانی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە، کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری سەقز لە هەڵدێری شاخێکەوە دەکەوێتە خوارەوە و بە سەختی بریندار دەبێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٥ی بەفرانبار، هێزە ئەمنیەتییەکان لە ناوچەی شلێر بۆسەیەکیان بۆ کۆڵبەران دانابوو، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی کۆڵبەرێکی کورد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز، شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە \"ئازاد فەیزی\" کوڕی تەوفیق ڕاگەیاندووە.

ئەو سەرچاویە ئەوەشی خستەڕوو، ئازاد خەڵکی گوندی \"سپۆرە\"ی سەر بە ناوچەی تیلەکۆی شاری سەقزە و ناوبراو خێزاندارە و خاوەنی منداڵێکە.

بەپێی وتەکانی ئەو سەرچاوەیە، تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت لە کۆڵبەران و ڕاوەدوونانیان، بوو بە هۆی بەربوونەوەی ئەو کۆڵبەرە کوردە لە هەڵدێرێکی نزیک گوندی سێرسان.

ئەو کۆڵبەرە کوردە لە لایەن هاوڕێکانیەوە و بە یارمەتیی چەند کەسێکی خەڵکی ئەو گوندە، بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی شاری پێنجوێن لە باشووری کوردستان کراوە.

هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات کە؛ ئازادی کۆڵبەر پێش گەیشتن بە شاری پێنجوێن لە نێو ڕێگادا گیانی لەدەست دا و تەرمی ناوبراو ڕەوانە پزیشکی دادوەریی شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان کراوە.

هەر لەو پەیوەنیەدا، ئێوارەی ڕۆژی سێ‌شەممە ٢١ی بەفرانبار، لە سنووری تەمەرچینی شاری پیرانشار، ٥ هاووڵاتیی کوڵبەری کورد بە تەقەی هێزەکانی حکوومەت پێکران.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مانگی ڕابردوو(سەرماوەز) زیاتر لە ١٥ کۆڵبەری کورد بە تەقەی ‌راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت پێکراون و لەو ڕووداوانەدا چوار هاووڵاتیی کورد گیانیان لەدەست داوە.