دیداری رەخنەی ئەدەبی کوردی لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو

20:01 - 4 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: دیداری رەخنەی ئەدەبی کوردی بە ئامادەبوونی دەیان نووسەر و ئەدیب و رەخنەگر لە شاری دهۆک کۆتایی بەکارەکانی خۆی هێنا.

دوکتور \"هێمداد حوسێن\" رێکخەری کاروباری یەکییەتیی نووسەرانی کورد لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: رەخنەی ئەدەبی پرۆسەیەکی گرینگە و لە پێشکەوتنی هەر نەتەوەیەکدا رۆڵێکی گرینگ و کاریگەر لە ئاستی ئەدەبی نەتەوەیدا دەگێڕیت و هاوکات بەرەو بەجیهانی بوونی ئەدەبیات هەنگاو دەنێت.

رێکخەری کاروباری یەکییەتیی نوسەرانی کورد ئەوەشی خستەڕوو، کە لە ماوەی ٣ رۆژ کاری بەردەوامی ئەو دیدارەدا ٢٤ لێکۆڵینەوەی رەخنەی لەسەر ئەدەبیاتی کوردی پێشکەش کران.

هێمداد حوسێن ئاماژەی بەوەشدا کە چالاکییەکانی یەکییەتیی نووسەرانی کورد لە ئاستی نەتەوەییدا بەڕێوە دەچن، بۆیە لەم دیدارەدا دەیان نووسەر، لێکۆڵەر و رەخنەگری ئەدەبی لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش بانگهێشت کرابوون.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، کە لەم دیدارە رەخنەییدا کەشێکی رەخنەیی زانستی و تیۆری هاتە ئاراوە کە بەبەراورد لەگەڵ دیدارەکانی رابردوو هەنگاوێکی ئەرێنی بوو کە دەکرێ بە دیدارێک لە راستای لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ئەدەبیاتی کوردی وەسفی بکەین.

ئەو دیدارە کە لە رۆژانی ٢، ٣ و ٤ ی رشەممە لە شاری دهۆک بەڕیوەچوو چەندین مامۆستای زانکۆ، پسپۆڕ و زمانناسی کوردی وەک: هاشم ئەحمەد زادە، عەبدولخالق یەعقووبی، عەزیز نێعمەتی، پەرویز جیهانی، موعتەسەم هاشمی و کەژاڵ فیداکار لە کوردستانی \"ئێران\"ـەوە و هەروەها لە باکوری کوردستانیش \"بەرکەند بەرە\" و \"محەممەد مەنتک\" و لە هەرێمی کوردستانیش سەرەوەر عەبدوڵڵا، دوکتور دڵشاد عەلی، دوکتور ئاڤان عەلی، دوکتور محەممەد دلێر ئەمین و دوکتور محەممەد کەساس جەباری بەشدار بوون.