دۆخی جەستەیی دوو زیندانیی دوورخراوەی کورد مەترسیدارە

16:44 - 30 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی دادوەریی و ئەمنیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دژایەتی خۆیان لەگەڵ چارەسەریی پزیشکی دوو زیندانیی سیاسی کورد لە نەخۆشخانە دەربڕیوە.

بە پێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیندانیی سیاسی کورد، ئەفشین سوهراب زادە لە گرتووخانەی شاری میناب بە دوورینی لێوی، دەستی داوەتە مانگرتن.

ناوبراو لە گرتووخانە تووشی شێرپەنجەی ڕێخۆڵە و خوێنرێژیی هەناو بووە.

\"افشینسەرچاوەیەک لەزاری دایکی ئەو زیندانییەی خەڵکی کرماشان بە کەمپینی بەرگریی لە زیندانییانی سیاسی و مەدەنی گوتووە: دوو ساڵه داوای پێڕاگەیشتنی پزیشکی بە کۆڕەکەم دەکەین بەڵام لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە پێش بەو داوایە دەگیرێت.

ئەفشین سوهراب زادەکه حوکمی ٢٥ ساڵ حەبسی هەیە لە ٢٢ی ئەم مانگە مانی لە خواردن گرتووە و داوای هاوکاریی ماڵی بۆ چارەسەریی نەخۆشیەکەی دەکات.

سەرەڕای بڕیاری کۆمیسیۆنی پزیشکی گرتووخانەکانی پارێزگای هورموزگان سەبارەت بە مەترسیداربوونی دۆخی جەستەیی ئەو لاوە کوردە بەڵام کاربەدەستانی قەزایی و ئەمنیی پارێزگای کوردستان دژایەتی خۆیان بەو داوایە ڕاگەیاندووە.

پێشتر ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، چارەسەری بەپەلەی پزیشکی بۆئەفشین بە پێویست زانیبوو.

\"ایوبلەلایەکی دیکە، ئەیۆب ئەسەدی لە گرتووخانەی شاری کاشمەر سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤ ساڵ بەسەر گیرانی، لەهەر چەشنە مەرەخەسییەک بێبەش کراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە نەخۆشی دیسکی کەمەری هەیە و دادگوستەری ئەو شارە دژی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زینداندان.

دەزگای قەزایی ئێران حوکمی ٢٠ ساڵ زیندانییە بۆ ئەو لاوە کوردە بڕیوەتەوە و لەئێستادا بۆ شاری کاشمەر لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی دوورخراوەتەوە.