دوو کۆڵبەری کورد لەناوچەی سنوورییەکانی ئێران و تورکیە کوژران

20:52 - 29 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کورد لەسنووری نێوان ئێران و تورکیە بە تەقەی راستەخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر، لەئەنجامی دەستڕێژی هێزە حکوومەتییەکان لەخاڵی سنووری پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا دوو کۆڵبەری کورد گیانیان لەدەست دا.

شایەتحاڵان لە بارەوە دەڵێن: تەقە کردنی هێزەکانی حکوومەتی بەبێ ئاگادار کردنەوەی کۆڵبەران روو دەدات و ئەو کارانە وای کردووە کە ژیانی هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بکەوێتە مەترسییەوە.

\"28213.jpg\"
هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ‌ناسنامەی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی \" ئارام شاهین ‌نێژاد\" تەمەن ١٩ساڵ و خەڵکی گوندی\" پسان\" و \"سەیفەدین یوسفی‌بانی\" تەمەن ١٧ساڵە وخەڵکی گوندی \"بانی\" سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ راگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان روویان لە پیشەی کۆڵبەری لە ناوچەی سنووریی ورمێ کردبوو.

سەرەڕای کوشتنی رەوتی بەردەوامی کۆڵبەرانی کورد لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە مەحکووم کردنیان لەلایەن رێکخراو و ناوەندە نێونەتەوەیەکانی مافی مروڤەوە، ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هیچ هەڵوێستێکیان لەو بارە لە خۆیان نیشان نادەن.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا( چوار مانگ) ٢٥ کۆڵبەری کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتی کوژراو و بریندار بوون.