دوو کۆڵبەری کورد بە گوللەی هێزە سنوورييەكانی ئێران پێکران

16:20 - 2 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: لە دوو ڕووداوی جیاجیای تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێراندا لە ماکۆ و بانە، ٢ کۆڵبەر بەتوندی بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆڵبەرێکی کورد لە ناوچەی سنووریی ماکۆ لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە هۆی گەڕان و بەدواداچوونی هێزی چەکدارەوە، لە ڕەوەزە بەردێک کەوتە خوارێ.

ڕووداوەکە ڕۆژی ڕابردوو، برینداربوونی هاووڵاتییەکی کورد بەناوی ڕەحیم شیخکانلوو خەڵکی گوندی \"قەڵادەرسی\" بە دواوە بووە.
ماڵپەڕی ماف‌نیوز باسی لە خەوێندرانی ئەو کۆڵبەرە لە نەخۆشخانەیەکی شاری \"خۆی\" کردووە.

هەروەها هێزی سنووریی بانە وێڕای تەقەکردن لە کاروانی کاسبکارانی کورد، کۆڵبەرێکی ٣٤ ساڵەی بریندار کردووە.

ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە بانەیيە، بەهادین عەزیزپوور ڕاگەیەندراوە.

ناوبراو لە دەوروبەری گوندی \"سەبەدڵوو\" کەوتووەتە بەر دەسترێژی گوللە.

دەوترێت دۆخی گشتيی ئەو هاووڵاتییە لە نەخۆشخانەی سنە ناجێگیرە.

ماوەیەک پێش ئێستا کۆڵبەرێکی ٣٧ ساڵە بەناوی ئەکرەم ڕەمەزانی لە ناوچەی سنووریی \"شێخ سێڵە\" وە بەر گوللەی هێزی چەکداری حکوومەتی درا و دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە نەخۆشخانەی کرماشان گیانی لە دەست دا.

لە مانگی سەرماوەزدا ١١ کۆڵبەر ڕاستەخۆ کەوتوونەتە بەر دەسترێژی گوللەی هیزی سنووریی ئێران کە کوژرانی ٣ کەس لەو کۆڵبەرانەی لێ کەوتووتەوە.