دوو ڕووداوی هاتوچۆ لە کوردستان، ٢٤ قوربانیی لێکەوتەوە

11:23 - 11 رێبەندان 2720

ڕۆژی هەینی ١٠ی بەفرانبار، بەهۆی ڕوودانی دوو ڕووداوی هاتوچۆ لە  جادەکانی تیکاب_تەختی سلێمان و جادە کرماشان _کامیاران، ٦ هاووڵاتیی گیانیان لەدەست دا و ١٨ی هاووڵاتیی دیکە، برینداربوون.

بەهۆی پێکدادانی دوو مینی‌بووس لە جادەی تیکاب_تەختی سلێمان، ١٧ کەس برینداربوون و کەسێکیش گیانی لەدەست دا.

پێکدادانی ئەو دوو مینی‌بووسە، سرویسی کرێکارانی کانگای زێڕی "ڕزەشۆران و ئاغدەڕ" بووە و لەو پەیوەندییەدا، کەسێک گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوە خۆجێیەکان باسیان لەوە کردووە کە ٦ کەس لە بریندارەکانی ئەو ڕووداوە، بەهۆی قورسیی برینەکانیان و نالەباربوونی باری تەندروستییان، ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی شارەکانی دەورووبەری تیکاب کراون.

لەلایەکی دیکەوە و لە هەمان ڕۆژدا، لە جادەی کرماشان_ کامیاران، بەهۆی پێکدادانی سێ ماشین لە جۆری سەمەند، دێنا و بارهەڵگرێک، ٥ کەس گیانیان لەدەست داوە و کەسێکیش بریندار بووه.

بەرپرسی پۆلیسی ڕێگای هاتوچۆی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندووە ئەو ڕووداوە بە شێوەی ڕوو بە ڕوو بووە و ٥ کەس لە موسافیرەکانی ئەو دوو ماشینە گیانیان لەدەست داوە و شۆفیری بارهەڵگرەکەش بریندار و ڕەوانەی ناوەندێکی دەرمانی کراوە.