دوو چالاکی دیکەی مەهابادی بە ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران

00:26 - 2 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد حوکمی ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئەو شارە بڕییەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژنسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، \"شەماڵ رەسووڵ مروەت\" کە رەشەممەی ساڵی ٩١ی هەتاوی لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد بەناوی \"رەزا رەسووڵی\" کە ناوبراویش مانگی رەشەممەی ساڵی رابردووو دەستبەسەر کرابوو، دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد حوکمی ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕییەوە.

دادگای شاری مەهاباد تاوانی ئەو دوو چالاکە کوردەی هاوکاری کردن و ئەندامەتیی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران راگەیاندووە، ئەوەش لە حالڵک دایە کە بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو دوو چالاکە کوردە هەموو تۆمەتەکانی دادگایان رەت کردووەتەوە.

پێشتریش شەماڵ رەسووڵ مروەت چالاکی خوێندکاری، لە گەلاوێژی ساڵی ٨٧ی هەتاویدا دەستبەسەر و دواتر بە ٨ ساڵ زیندانیی کە ماوەی ٥ ساڵ لە حوکمەکەی هەڵپەسێردراو بوو، مەحکووم کرا و پاش تێپەراندنی ساڵ و نیوێک لەو حوکمە، ئازاد کرا.

هەروەها لە رۆژانی رابردووشدا هونەرمەندێکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد بەناوی \"فاڕووق سامانی\" هاوڕی لەگەڵ براکەیەکی خۆی بەناوی \"فەرزاد سامانی\" کە رەشەممەی ساڵی ٩١ی هەتاوی لە درێژەی رەوتی دەستبەسەر کردنی چالاکانی فەرهەنگی و رۆژنامەنووسی‌دا دەستبەسەر کرابوون، حوکمی زیندانییان بۆ بڕایەوە.