دوو هاووڵاتیی گوندی "نێ‌"‌ی مەریوان دوای بانگهێشت كران بۆ ئیتلاعات، دەستبەسەر كران

17:00 - 18 پووشپەڕ 2712
ئاژانسی كوردپا: دوو لاوی خەڵكی ئاوایی \"نێ‌\"ی دوای بانگهێشت كرانیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان، دەستبەسەر و یەكیان رەوانەی دادگا كراوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، دوو لاوی كورد بەناوەكانی عادڵ پەروازە كوڕی رەحمان تەمەن 20 ساڵ و خەلیل گەردی كوڕی فایەق تەمەن 21 ساڵ و خەڵكی گوندی \"نێ\"ی سەر بە شاری مەریوان لە رێگای تەلەفۆنەوە بانگهشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە كراون.

هەواڵنیری كوردپا لە شاری مەریوانەوە رایگەیاند، عادڵ پەڕوازە رێكەوتی 17‌ی پووشپەڕ رەوانەی دادگای ئەو شارە كراوە و هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە لە چارەنووسی خەلیل گەردی زانیارییەك لەبەر دەست دا نیە.

هۆكاری دەستبەسەر كرانی ئەو دوو هاووڵاتییە روون نەبۆتەوە.

لەلایەكی دیكەوە چەندین لاوی دیكەی ئاوایی \"نێ\"ی بانگهێشتی دادگا كراون بەڵام هەتا ئێستا ئەو لاوانە لە چوون بۆ دادگا خۆیان بواردووە.

هەواڵنێری كوردپا لەزاری دانیشتوانی گوندی \"نێ‌\"یەوە ئاشكرای كردووە بەشێك لە لاوانی ئەو گوندە لە ترسی گیران لەلایەن مەئموورانی ئیتلاعاتەوە بۆ ماوەی حەفتەیەكە شەوان لە لە ماڵەكانیان ناخەون و پەنا دەبەنە شاخ و كێوەكانی دەورووبەر.