دوو هاووڵاتیی پیرانشاری بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کران

10:06 - 19 رێبەندان 2720

ڕۆژی شەممە ۱۱ی ڕێبەندان، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "عومەر خاگزاد" و "عەباس سدیقی"، خەڵکی گوندی "شێلم جاڕان" سەر بە پیرانشار، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن دادگای ئینقلابی پیرانشار، هەر کامەیان بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوون و ئەو حوکمە مانگی بەفرانباری ئەمساڵ به ناوبراوان ڕاگەیندرابوو.

عومەر خاگزاد کوڕی حاسڵ، ڕۆژی یەکشەممە ۱۱ی جۆزەردانی ئەمساڵ، بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە لێدان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە، ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی یەکشەممە ۲۲ی پووشپەڕ، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی، ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرابوو و سەرەتاکانی مانگی گەلاوێژ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

هەروەها عەباس سدیقی، شەوی هەینی ۲٦ی بانەمەڕی ئەمساڵ، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە سەرەتاکانی مانگی پووشپەڕ، پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرابوو.

وێنە: عومەر خاگزاد