دوو هاووڵاتیی مەریوانی بەهۆی تەقینەوەی مین بوونە قوربانی

13:37 - 11 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: تەقینەوەی مین لە کۆنە پایەگایەکی ناوچەی مەریوان، برینداربوونی دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ناوچەی سەرشیوی سەر بەو شارەی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٩ی رێبەندان لە دەوروبەری کۆنە پایەگایەکی سوپای پاسداران لە ناوچەی سەرشیوی مەریوان، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵكی گوندی \"باغان\"ی سەربە ناوچەی سەرشیوی مەریوان بە توندی بریندار بوون.

هەواڵنێری کوردپا لە مەریوان، شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییەی، ئیقباڵ شەریفی تەمەن ٤٠ ساڵ و ئیبراهیم تام تەمەن ٢٥ ساڵ، راگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە، ئەو دوو هاووڵاتییە سەرقاڵی کۆکردنەوەی \"مازوو\" بوون، کە لە کاتی هەڵکەندنی چەند بنچکە گیایەکی بن دار مازووەکە، مین بە روویاندا تەقیوەتەوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کە ئێستا لە نەخۆشخانەی بووعەلی لە شاری مەریوان لەژێر چاوەدێریی پزیشکدان، بە گوتەی پزیشکانی ئەو نەخۆشخانەیە، ئیقباڵ شەریفی بە سووکی بریندار بووە، بەڵام ئیبراهیم تام بەهۆی قووڵیی برینەکانییەوە دوو جار نەشتەرگەری لەسەر دەموچاوی ئەنجام دراوە.

حکومەتی ئیسلامیی ئیران، لە قووڵایی ناوچەکانی کوردستانیشدا بە بیانووی حوزووری هێزە کوردییەکان، دەوروبەری پایەگا و مووچە و مەزرای هاووڵاتییانی مینرێژ کردووەو لە ماوەی ساڵانی رابردووشدا، چەندین حاڵەتی تەقینەوەی مین لە قووڵایی ناوچەکانی کوردستاندا روویان داوە کە ساڵی رابردوو حەوت منداڵی گوندی نشکاش بەهۆی تەقینەوەی مین لە پایەگای نێو گوندەکەیان، بریندار و کەمئەندام بوون.

هەروەها ئوستانی کوردستان، کە ٢٧٠ کیلۆمیتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ عێراقدا هەیە، لە کاتی شەڕی ئێران و عێراقدا ئەو سنوورانە لەلایەن هەر دوولایەنی شەڕەکەوە مینڕێژ کران و هەتا ئێستا و پاش تێپەڕینی ٢٧ ساڵ بەسەر تەواوبوونی ئەو شەڕەدا، مینی چیندراوی سەر سنوورەکان هەڵنەگیراونەتەوە.

بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا (٢٣ مانگی رابردوو)دا، سەرجەم ٨٩ کەس لە ئوستانە کوردنشینەکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی رۆژئاوا بوونەتە قوربانیی تەقینەویە مین و تەقەمەنیی بەجێماوی شەڕ، کە سەرجەم ١٢ منداڵی تەمەن ژێر ١٥ ساڵ لە نێو برینداران و کەمئەنداماندان.

ئارام. ح