دوو هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی بانە و سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کران

17:35 - 7 رەزبەر 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەلاح حوسێن‌پەنا" خەڵکی شاری بانە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هێزە ئەمنییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری بانە دەسبەسەر کردووە، هەروەها ئەو هێزانە پاش دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و ماڵەکەیان پشکنیوە و هێندێک کەرەستەی ئەو هاووڵاتییەیان لەگەڵ خۆیان بردووە. ئەو هاووڵاتییە چالاکی ژینگەییە.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی دووشەممە ٥ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سالار ساڵحی" خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ئەو شارە ڕاگوێزراوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون و هەتا ئیستا بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسیان بێئاکام ماوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو دوو هاووڵاتییە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

وێنە: سالار ساڵحی و سەلاح حوسێن‌ پەنا