دوو هاووڵاتیی بانەیی چارەنووسیان ناڕوونە

ئاژانسی کوردپا: چارەنووسی دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری بانە، پاش دەسبەسەرکرانیان، ناڕوونە.

بەپیێ ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئازاد ڕەحمەتی" تەمەن ٣٩ ساڵ کوڕی ئەبووبەکر خەڵکی شاری بانە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا، نییە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی شەممە ٢٠ی ڕەزبەر،  پاش کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان لە شاری بانە، بە نیسبەت هێرشی تورکیە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا، دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگویزراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، "هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێ ئاکام ماوەتەوە".

ئەو سەرچاوەیە هەورەها دەڵێت: "هێزە ئیتلاعاتییەکان هەتا ئێستا هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە بنەماڵەکەیان ڕانگەیاندووە".

لە لایەکی دیکەوە، چارەنووسی هاووڵاتییەکی دیکەی بانەیی بە ناوی "هوشیار شەعبانی" ناڕوونە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی شەعبانی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و هۆکاری دەسبەسەرکردنی کوڕەکەیان، بێ ئاکام ماوەتەوە.