دوو زیندانیی سیاسی ڕەوانەی زیندانی کراوە کران
باپیرە بەرزە و کەیوان نژادڕەسووڵ، دوو زیندانیی سیاسیی خەڵکی پیرانشار بۆ زیندانی کراوە ڕاگوێزران.
پاش قەبووڵکردنی بەرپرسانی قەزایی لەگەڵ داواکاریی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە لەمەڕ ڕاگواستنیان لە زیندانی داخراو بۆ زیندانی کراوە، ناوبراوان بۆ زیندانی کراوە ڕاگوێزراون.
ئەو دوو زیندانییە سیاسییە ماوەی حوکمەکەیان لە زیندانی نەغەدەدا تێدەپەڕاند.
ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕەزبەری ٩٩، باپیرە بەرزە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی، خۆی بە زیندانی نەغەدە ناساند و هەروەها کەیوان نژادڕەسووڵ ٩ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.
مانگی گەلاوێژی٩٩، حوکمی زیندانیکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە لە لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، بۆ هەرکامەیان لە ٤ ساڵ زیندان بۆ ٢ ساڵ و ٦ مانگ زیندان کەم کرایەوە.
کەمکردنەوەی زیندانیی تەعزیریی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە بە جێبەجێکردنی پەسەندکراوەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لەمەڕ کەمکردنەوەی سزای زیندانیی تەعزیری ڕووی داوە و دۆسیەی ناوبراوان لە لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ بۆ جارێکی دیکە تاوتوێ کرابوو.
پووشپەڕی ساڵی ٩٨، حوکمی ٨ مانگ زیندانیی باپیرە بەرزە، لەسەر سکاڵای وەزارەتی ئیتلاعات لە لقی یەکی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، بۆ ٤ ساڵ زیندان زیادی کردبوو.
هەروەها حوکمی کەیوان نژادڕەسووڵ لە ٥ ساڵ بۆ ٤ ساڵ زیندان کەم کرابووەوە.
مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨، باپیرە بەرزە لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری پیرانشار بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ٨ مانگ زیندان مەحکووم کرا و پاش سەپاندنی ئەو حوکمە بە دانانی بارمتەی ٢٢٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
ناوبراو مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٨، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو.
کەیوان نژادڕەسووڵ ڕۆژی دووشەممە ١٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٧ بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن ئیتلاعاتی سپا دەسبەسەر کرا و مانگی ڕێبەندانی هەمان ساڵ لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی پیرانشار هەر بە هەمان تۆمەت، ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپابوو.
وێنە: باپیرە بەرزە و کەیوان نژادڕەسووڵ