دوو زیندانیی سوننی مەزهەبی کورد لە قزلحەسارەوە ۆ رەجایی شار گوازرانەوە

15:36 - 18 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: دوو زیندانیی سوننی مەزهەبی کورد لە زیندانی قزلحەسارەوە بۆ زیندانی رەجایی شاری کەرەج راگوێزران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٧ی بەفرانبار، دوو زیندانیی سوننی مەزهەب بەناوەکانی سەدیق محەمەدی و عەبدولهادی حوسێنی، پاش دوو ساڵ دوورخرانەوە بۆ زیندانی قزلحەسار، سەرئەنجام گوازرانەوە بۆ ساڵۆنی ١٠ی زیندانی رەجایی شاری کەرەج.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو زیندانییە سوننی مەزهەبە کە حوکمی لەسێدارەدرانیان بۆ براوەتەوە، لەکاتی راگواستنیان بۆ زیندانی رەجایی شار، لەلایەن بەرپرسی \"واحد\"ی ٣ی زیندان قزلحەسار بە ناسناوی\"قەدەمی\" و \"فەرەجی‌نەژاد\" یەکێک لە بەرپرسانی حەراسەت، بێڕێزی و سووکایەتییان پێکراوە.

ئەو سەرچاوەیە بۆ ئاژانسی کوردپای روون کردەوە؛ سەدیق مورادی و عەبدولهادی حوسێنی لە ماوەی دەستبەسەربوونیان لە زیندانی قزلحەسار، لە نێو زیندانیانی تۆمەتبار بە ماددە هۆشبەرەکاندا راگیرابوون.
\"24092.jpg\"
سەدیق محەمەدی و هادی حوسێنی دوو زیندانیی سوننی مەزهەبی مەحکووم بە سێدارە
ئەو سەرچاوەیە روونیشی کردەوە؛ سەدیق محەمەدی تووشی نەخۆشیی \"ئەعساب\" بووەو هادی حوسێنیش \"صرع (فێ)\"ی لێ دێت و لەسەرخۆی دەچێت.

دەگوترێ، راگواستنی ئەو زیندانییە سوننی مەزهەبە بۆ زیندانی رەجایی شاری کەرەج، لەسەر داخوازی و بەدواداچوونی بەردەوامی زیندانیانی عەقیدەتی و مەزهەبیی کورد لە زیندانی رەجایی شار بووە.

ئەو دوو زیندانییە سوننی مەزهەبە، لەلایەن دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی لەسێدارە درانیان بۆ بڕاوەتەوە و هەتا ئێستا دوو جار پەورەندەکەیان لەلایەن دیوان باڵای وڵاتی ئێرانەوە رەت کراوەتەوە، بەڵام بەبێ ئامادەبوونی خۆیان، حوکمەکەیان تەئید کراوەو بە پارێزەرەکانیان راگەیاندراوە.

بەپشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، هەنووکە ٣٣ زیندانیی سوننی مەزهەبی کورد و بەلووچی مەحکووم بەسێدارە لە زیندانەکانی ئێراندان، کە لەلایەن دادگای ئینقلابەوە بە تۆمەتی موحاربە، هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی ئەو عوکمەیان بۆ بڕاوەتەوە.