دوو كرێكاری دیكەی كورد گیانیان لەدەست دا

14:38 - 14 جۆزەردان 2712
كوردپا: دوو كرێكارێكی كوردی خەڵكی مەهاباد و خۆی بەهۆی رووداوی كارەوە گیانیان لەدەست دا.

ماڵپەڕی كۆمیتەی هاودەنگی بۆ پێكهێنانی دامەزراوە كرێكارییەكان بڵاوی كردەوە، واحید ئابادیان كرێكاری ئارماتۆر بەند و دانیشتووی گەڕەكی \"باخی شایگان\"ی مەهاباد ، رۆژی هەینی ١٢ی جۆزەردان بەهۆی رووداوی كارەوە گیانی لەدەست دا.

لەلایەكی دیكەوە كرێكارێكی دیكەی كورد لە شاری خۆی بەهۆی داڕووخانی دیوارەوە گیانی لە دەست داوە.

حەسەن ئیسماعیلی لێپرسراوی ئیدارەی ئاگر كوژێنەوەی شاری خۆی بە هەواڵدەریی\" ئیرنا\"ی راگەیاندووە، داڕووخانی ئەو دیوارە لە ئەنجامی هەڵكەندنی نابەجێ‌ و ناستانداردەوە بووە.

گیان لەدەست دانی كرێكاران لە كوردستان بەهۆی رووداوی كارەوە بەردەوامە:

پێشتریش چەندین كرێكاری دیكەی كورد بە ناوەكانی محەممەد ئەحمەدپوور تەمەن ٦٥ساڵ و خەڵکی سنە - نەبی میری ٦٥ساڵ و خەڵکی سنە-زانیار مورادی كرێكاری بیناسازی، لە جادەی ساحیلیی سنە ـ فەتحوڵڵا سوهرابی تەمەن ٦٠ ساڵ ـ غاڵب زارعی ـ سەلاح قاسمی، تەمەن ٣٥ ساڵ و كرێكاری پڕۆژەی \"مسكن مهر\" ـ عەبدوڵڵا توركەمان خەڵكی گوندی \"میلان\"‌ی سەر بە شاری ماكۆ و كرێكار لە كارگەیەكی بەخێو كردنی پەلەوەر و عەلیمحەممەد ساڵح قاتع، خەڵكی سەقز كرێكار لە كانگایەكی بەرد، بەهۆی رووداوی كارەوە گیانیان لەدەست داوە.

كرێكارانی كورد لە ناوچە كوردنشینەكان لە كەرتە بچووكەكانی كار بەهۆی بێبەش بوون لە مافی بیمە و خزمەتگوزاری و ئەمنیەتی كار پاش رووداوی كار، هیچ مافێكیان پێنادرێت كە ئەمەش یەكێكە لە گرفتەكانی كرێگاران لە كوردستان.

دۆخی نالەبار و هەژێنەری كرێكارانی كورد لە ناوچە كوردنشیەكانی ئێران بۆتە هۆی ئەوەی كەلە ماوەی زیاتر لە دوو ‌مانگی رابردوودا ١٤كەس لە كرێكارانی كەرتەكانی وەبەرهێنان و كارگەكان بەهۆی خۆكوژی و رووداوی كارەوە گیانیان لەدەست بدەن.

مەسەلەی تەندروستی و نەبوونی ئەمنیەتی كاری بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی كرێكاران لە كاتی كار كردندا، كە لەناو كرێكارانی بیناسازییەكان لەم بارەوە زیاترین حاڵەت رووی داوە.