دوو رۆژنامەنووسی كورد، بە پێشینەترین رۆژنامەنووسی زیندانیی ئێرانن

19:57 - 8 رێبەندان 2711
كوردپا: لیستەی زیندانیانی چاپەمەنی و راگەیەنەكان لە هەموو جیهان بڵاو كرایەوە، لەناو رۆژنامەنووسانی زیندانی لە ئێران عەدنان حەسەنپوور وەك بە پێشینەترین و پاش ئەویش محەممەد سدیق كەبوودوەند دووەمین رۆژنامەنووسی زیندانیی ئێرانن كە زیاتر لە هەموان لە زیندان دان.

رێكخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور تازەترین رێزبەندیی لیستەی زیندانیانی چاپەمەنی لە وڵاتانی جیهان بڵاوی كردۆتەوە و لە هەموو جیهاندا 151 رۆژنامەنووس لە زیندانەكان دان.

ئێران لەو لیستەدا بە 26 رۆژنامەنووسی زیندانیەوە پاش وڵاتانی ئێریتێرە بە 34 رۆژنامەنووس و چین بە 30 رۆژنامەنووسی زیندانی پلەی سێیەمی جیهانی هەیە.

هەواڵنێرانی بێ‌ سنوور لە كاتێكدا راپۆرتی پلەبەندیی ساڵانەی خۆیان بڵاو كردۆتەوە كە هێندێ‌ لە رۆژنامەنووسان بۆ وێنە مەسعوود باستانی و محەممەد سدیق كەبوودوەند بەهۆی خراپیی باری تەندروستییان رەوانەی نەخۆشخانە كراون.

عەدنان حەسەنپوور كە بە پێشینەترین رۆژنامەنووسی زیندانیی ئێرانە بۆ ماوەی شەش ساڵە لە زیندان دەستبەسەرە.

عەدنان حەسەنپوور ئەندامی دەستەی نووسەرانی \"حەفتەنامەی ئاسۆ\" بووە كە بە دوو زمانی كوردی و فارسی لە سنە چاپ و بڵاو دەكرایەوە.

ئەم حەفتەنامەیە ساڵی 1384 بە تاوانی هەوڵدان بەدژی تەناهی نەتەوەیی و شێواندنی بیروڕای گشتی داخرا.

عەدنان حەسەنپوور سەرەتا بە تاوانی هەوڵدان بەدژی تەناهی نەتەوەیی و شێواندنی بیروڕای گشتی حوكمی ئیعدامی بۆ بڕایەوە، كە پاش دوو ساڵ حوكمەكەی هەڵوەشایەوە، بەڵام بە هەمان تاوان حوكمەكەی كرا بە 16 ساڵ و دواتر پاش چەندین دادگایی حوكمی كۆتایی كرا بە 10 ساڵ زیندان.

عەدنان حەسەنپوور و محەممەد سدیق كەبوودوەند وەك دوو رۆژنامەنووسی كوردی زیندانی هەردوویان لەو ماوەیەدا ئیزنی مەرەخەسیان پێنەدراوەو لەو مافە بێبەش بوون.

محەممەد سدیق كەبوودوەندخاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری حەفتەنامەی داخراوەی \"پیام مردم\" و دامەزرێنەری رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان بووە.