دوور لە چاوی میدیاکان، هاووڵاتییەکی کورد ئێعدام کرا

14:52 - 11 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بیجار، لە لایەن بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری \"زەنجانـ\"ـەوە، لە سێدارە درا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری بیجاڕ، بە ناوی \"سەید سەمەد عینایەتی\"، تەمەن ٣١ ساڵ، بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست، لە لایەن بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری زەنجانەوە، لە سێدارە درا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی بانەمەڕ، دوور لە چاوی میدیاکان و بە شێوەی نەهێنی لە سێدارە دراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لەم بارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو هاووڵاتییە کوردە، کرێکاری لوولەکەشی بووە و بە هۆی نەدانی پارە لە لایەن مێعمارەکەوە تووشی دەماقاڵێ بوون و سەید سەمەد ئەو مێعمارەی کوشتووە.

ئەو سەرچاوەی مافی مرۆڤە لە زاری یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی لەسێدارەدراوەکە ڕایگەیاند: \"سەید سەمەد پاش ئەو ڕووداوە وتوویەتی کە مەبەستم کوشتنی نەبووە و تەنیا ویستوومە بیترسێنم، تاکوو پارەکەم پێ بداتەوە.\"

هەروەها پێشتریش، دەزگای قەزایی، ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی \"کوشتنی بە ئەنقەست\" تاوانبار و حوکمی لەسێدارەدانی بە سەردا سەپاندبوو.

ئێعدامە ڕانەگەیەندراوەکان، زۆربەی ئێعدامەکانی ئێران پێکدێنێت و ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەپێی مادەی ی٢١ ئاییننامەی شێوەی بەڕێوەچوونی حوکمی ئێعدام، ڕەجم، قرتاندن یان کەمئەندامبوون، دەبێت هەواڵی بەڕێوەبردنی حوکمەکەی لەگەڵ جۆری تاوانەکەی و کورتەیەک لە بڕیاری دادگا، لە ڕۆژنامەکاندا بڵاو بکرێتەوە.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، ئاماژەی بە ئێعدامکردنی ٢٥٣ هاووڵاتی لە ئێراندا کردبوو و هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا وتوویەتی کە ئێران دووهەمین وڵاتی جیهانە لە ئێعدامکردنی هاووڵاتییانی خۆیدا.