دایک و کچێک لە سەقز بە سەربڕدراوی دۆزرانەوە

14:25 - 28 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی خەڵکی شاری سەقز هاوڕی لەگەل منداڵەکەی خۆی بەدەستی کەس یان کەسانێکی نەناسراو سەربڕان.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٦ بانەمەڕ ژنێک بەناوی فەرەح قەیسەری تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی \"مەڕان\"ی ناوچەی دیواندەرە و دانیشتووی شاری سەقز، لەگەل کچە تەمەن ٣ ساڵەکەی خۆی بە سەربڕاوی دۆزرانەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: بە بڕی ٤٠ میلیۆن تمەن زێر و تەڵای ئەو ژنە لەلایەن بکوژ یان بکوژەکانەوە دزراوە.

هەروەها ماوەیەک پێش ئێستا ژنێک بەناوی \"زوهرە شێرزاد\" و خەڵکی شاری بۆکان پاش ئەوەی لەلایەن کەسانێکی نەناسراوە بەمەبەستی رفاندنی کەلوپەلەکانی هێرشی کرایە سەر، تووشی خوێڕێژیی مێشک هاتبوو و لە ئەنجامدا ببووە هۆی گیان لەدەست دانی.