داهاتی تاکەکەسی لە کرماشان کەمتر لە نێوەنجی وڵاتە

12:26 - 13 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: یەکێکی دیکە لە پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران لە بواری داهاتی تاکەکەسییەوە لەدوا پلەی سەراسەری ئێراندا جێی گرتووە.

بە پێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پارێزگای کرماشان بە داهاتی تاکەکەسی ١٨٣ میلیۆن ڕیاڵ لە ساڵێکدا، ٢١ـەمین پارێزگا لە ئاست هەموو ئێران دایە.

ئەو ڕێژەیە بۆ نێوەنجی وڵاتی ئێران، ٢١٥ میلیۆن ڕیاڵە کە ٣٢ میلیۆن ڕیاڵ کەمیی داهات نیشان دەدات.

پارێزگای کرماشان بە ڕاگەیاندنی ئەو ئامارە، وتوویەتی کە لە بواری بێکاریشدا لە کۆتاپلەی هەموو پارێزگاکانی ئێراندا جێدەگرین و ڕێژەی بێکاری لە کرماشاندا ١٨.٦% ڕاگەیەندراوە.

هەواڵدەریی تەسنیم لە درێژەدا و لە زاری ئەسەدۆڵا ڕازانییەوە ڕایگەیاند: لە بواری ڕەخساندنی هەلی کار، کەمیی پێشە و کار و زۆریی ڕێژەی بێکاری لەم ساڵانەی دواییدا، ٢٦ـەمین پاریزگای ئێرانین.

پاشەکەوتی پارەی کوردانی دانیشتووی پارێزگای کرماشان لە بانکەکان بە پێی ئامارە نیوەفەرمییەکان، کەمتر لە ١%ــه و ئەو ڕێژەیە بۆ تاران، ٥٨%ــه خەمڵێندراوە.

ئەو ئامارەی پارێزگای کرماشان هاوکاتەلەگەڵ ئامارێکی هاوشێوە لە پارێزگای کوردستان کە پلەی ٢٥ـەمینی لە نێو ٣٠ پارێزگای دیکەدابەدەست هێناوە.

هەندێ لە بەرپرسانی حکوومەتی لە کرماشان سەبارەت بە دەرچوون لە داتەپینی ئابووری و چارەسەری بێکاری لەم پارێزگایە ڕایانگەیاندووە کە ئەم پارێزگایە پێویستی بە ٥٠ هەزار هەلی کار هەیە.