دانپێدانانی نوێنەری شۆرای شاری بانە بە کوژران و برینداربوونی ٦ کۆڵبەر لەنێو خاکی ئێران

12:15 - 7 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٦ی گەلاوێژ، نوێنەری شۆرای شاری بانە لە کۆبوونەوەی شۆرای پارێزگای سنە ڕایگەیاند: "دوو ڕۆژ پێش، کۆڵبەرێک لە خاڵی سنووری بانە لەگەڵ ٥ کۆڵبەری دیکە کرانە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکان کە لەو ٦ کۆڵبەرە، کۆڵبەرێک کوژرا و ٥ کۆڵبەری دیکە بریندار بوون".

ئەبووبەکر دەروێشی لەو پەیوەندییەدا لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتی "ئیلنا" ڕایگەیاندووە: "ئەو ڕووداوە ڕێکەوتی ٤ی گەلاوێژ ڕووی داوە، بەڵام وردەکاریی زیاترم لەسەر ئەو ڕووداوە لەبەردەستدا نییە و تەنانەت نازانم تەمەنی ئەو کۆڵبەرانە چەندە"؟

 ئەو نوینەرەی شۆرای بانە بە ئاماژەدان بە کوژرانی کۆڵبەران لەنێو خاکی ئێراندا، ڕایگەیاند: "زۆربەی ئەو کۆڵبەرانە کە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا کوژراون هەمووی لەنێو خاکی ئێراندا تووشی ئەو ڕووداوە بوونە".

ئەو ئەندامەی شۆرای شاری بانە لەو وتووێژدا، ئەوەشی خستەڕوو کە کۆڵبەران کەسانێکن کە لە پیشەی کۆڵبەری قازانجێکی ئەوتۆ ناکەن، چوونکە قازانجی زۆرتر دەچێتە گیرفانی دەڵاڵەکان و خاوەن بارەکان، بەڵام ئەم کۆڵبەرانە بەهۆی مینە بە جێماوەکان یان لە ڕێگای کۆڵبەرییەوە، گیانیان لەدەست دەدەن.

هەتا ئێستا هیچ کام لە بەرپرسانی پارێزگا و تەنانەت لە ئاستی ئێرانیش، بە ڕوونی ئاماژەیان بە کوژرانی کۆڵبەران لەنێو خاکی ئێراندا نەکردووە، ئەمە یەکەم جارە کە نوێنەرێکی شۆرای شار بە ڕوونی ئاماژە بە کوژرانی کۆڵبەران بە تەقەی هێزەکانی حکوومەتی لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا لەنێو خاکی ئێراندا دەکات.