دادگای پێداچوونەوەی خۆراسان، شاعیرێکی کوردی بێ تاوان ناساند

22:23 - 13 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە نووسەران و شاعیرانی کوردی خەڵکی خۆراسان، پاش سێ ساڵ لە دەستەبسەر کرانی و ٨ مان زیندانی، بێ تاوان ناسرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لقی ٢٠ی دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی خۆراسانی باشوور، عەلی رەزا سپاهی لایین، یەکێک لە نووسەرانی ناسراوی کوردی خۆراسانی لە تۆمەتەکانی بێبەری کردەوە.

\"21260.jpg\"
عەلی رەزا سپاهی لایین، نووسەری ناسراوی کوردی خۆراسان
ناوبراو رۆژی ٨ی مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٠ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی مەشهەدەوە بە تۆمەتی \"پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" و \"هۆنینەوەی شێعری رەخنەیی بە دژی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" و \"رێزگرتن لە رێبەرانی کورد\" دەستبەسەر کرا.

ئەو شاعیرە کوردە، رۆژی رابردوو، رێکەوتی ١٢ی گەلاوێژی ئەمساڵ لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابەوە بانگهێشت کرا.

دادگای مەشهەد پاش ٨ مانگ لە دەستبەسەر کرانی ئەو شاعیرە کوردە و مانەوەی لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات، بڕیاری خۆی راگەیاند.

ناوبراو تەنانەت لە کارمەندیی زانکۆی مەشهەدیش دەرکراو لە سێ ساڵی رابردوودا بێکار بووە.

مانگی رێبەندانی ساڵی رابردوو (١٣٩٢)، لقی ٣ی دادگای مەشهەد بە سەرۆکایەتیی قازی سوڵتانی، عەلیرەزا سپاهی لایینی بە ١١ مانگ زیندانی، ٥ ساڵ بێبەری کردن لە چالاکیی فەرهەنگی و دانی جەریمەی نەختی مەحکووم کرد.

ناوبراو لە رەنجنامەیەکدا لەژێر ناوی \"پاش ٨ مانگ زیندانی بێ تاوان ناسرام\" نووسیویەتی: \"بێ تاوان ناسرانی من، سەلماندنی بێ تاوانیی هەموو کوردەکانی خۆراسانی باکوور لە تۆمەتی رق لە دڵ و نابەجێیەکانی مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتە\".