دادستانی گشتی وڵات ڕەخنەی لە دەوڵەت گرت

20:42 - 18 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: بەڕێوەبردن و ڕاپەڕاندنی چەند کار پێکەوە، لە لایەن بەڕێوەبەران و مەئموورانی حکوومەتی لە ئێران، لەگەڵ ڕەخنەی زۆر بەڕەوڕووە.

هەواڵدەریی ئیلنا لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە، لە ڕێوڕەسمی ڕادەست کردنی دەسەڵاتی دادستانی گشتیی نوێ بە محمەممەد جەعفەری مونتەزری و خواحافیزی کردنی دادستانی گشتیی پێشووی وڵات، ناوبراو ئەندام بوونی خۆی لە دەیان شوورا بە بێ واتا ناوبرد.

دادستانی گشتی وڵات گوتی: ئەندامیەتی من لە شوورای پارە و هەقی کەڵکوەرگرتن لە وام یان خەدەمات، شوواری باڵای بوورس، شوورای باڵای دونیای مەجازی و... هتد، چ واتایەکی هەیە.

هەر لەو ڕێوڕەسمەدا، سادق لاریجانی وێڕای ئاماژە کردن بە کەمیی ئیمکانات و بێ پارەیی دەزگای قەزایی، ڕەخنەی لە دەوڵەت گرت و گوتی: \"لێدوانەکانی ئێمە هیچ سوودێکی لە سەر خاوەنداریەتیی چەندین ئیش و کاری بەرپرسان، نەبووە\".

لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، ڕاپەڕاندن و بەڕێوەبردنی چەند کار، لە نێو توێژە هەژار و کەم داهاتەکان بە زۆرەملی بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان و لە نێو کاربەدەستانی حکوومەتی، ڕێگایەکە بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات، ڕێگایەکە بۆ زۆربوونی داهات و ڕاگرتنی بازنەی بەڕێوەبەری.

ئەوەش لە لایەکی دیکەوە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە بازنەی کەسانی جێی متمانەی ڕێژیم بۆ پێ‏سپاردنی پۆستە هەستیارەکان چەند بەرتەسکە.

چەند ڕۆژ پێش، سادق لاریجانی، بەپێی حوکمێک محەممەدجەعفەر مونتەزریی وەک بەرپرسی دادستانیی گشتیی وڵات دیاری کرد.