دابەزینی هەر ڕۆژ زیاتری توانایی ماڵیی هاووڵاتیان لە ئێراندا

14:27 - 20 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: کرێکاران لە ئێران پێیان وایە بەهۆی لەبەرچاونەگرتنی ڕاستییەکانی ژیانیان لە لایەن بەرپرسانەوە کەلێنی تێچوو و داهاتەکان قوڵتر بوونەتەوە و هەنوکە چەندین میلیۆن کەس لە ئێراندا هەن کە توانای دابین کردنی بژێوی ژیانیان نییە.

ڕۆژنامەی \"سیاست روز\" لە ژمارە ٤١٢٠ی خۆیدا ڕاپۆرتێکی لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی ژیانی کرێکاران و چینی کەم داهاتی ئێران بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا هاتووە بەپێی ئامارەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیس هیلی هەژاری لە ئێران ٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەنە بەڵام لانی زۆری داهات بۆ کرێکاران بریتییە لە ١ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار تمەن کە بەم شێوەیە ٥٠% کەمتر لە هێڵی هەژارین؛ ئەمەش وای کردووە کە توانای دابینکردنی بژێوییەکانی ژیان بگاتە کەمترین ئاستی خۆی.

بەپێی هەندێک ئاماری حکومەتی حەشیمەتی کرێکارانی ئێران بریتییە لە ١٣ میلیۆن کەس کە بە لەبەرچاوگرتنی ڕێژەی بنەماڵەکانیان دەتوانین بلێین نیزیک بە ٤٤ میلیۆن کەس واتە ٥٢%ی خەڵکی ئێران بە نانی کرێکاری بژێوی ژیانیان دابین دەکەن.

سەبارەت بە زیادکردنی موچەی کرێکاران کە ئێستا بووەتە بەشێک لە مشت و مڕی نێو کۆڕە کرێکارییەکان، نوێنەری کرێکاران لە شورای بەرزی کاری ئێران، فەرامەرز تەوفیقی، بەم ڕۆژنامەی گووتووە ئەگەر تەنانەت مووچەی کرێکارەکانیش زیاد بکرێن هیچ گۆڕانێک بەسەر ئێمەدا نایەت لەبەر ئەوەیکە نرخی هەڵاوسان ١٥%ە و ئەگەر وەها گریمانە بکەین کە تێچووی بنەماڵەیەک لە مانگدا ٣ میلیۆن تمەن بێت، هەڵاوسانی ١٥%ی بەواتای زیادبوونی ٤٥٠ هەزار تمەن بەسەر تێچووە مانگانەکانە؛ کەواتە زیادکردنی ١٥٠ هەزار بە موچەی مانگانەی ئێمە نەتەنیا چارەسەری کیشەکانمان ناکات بەڵکوو گرفتەکانیشمان زیاتر دەکات.