خەڵاتی واسلاو هاوڵ درایە بە نادیا موراد کچە کوردی ئیزەدی

20:06 - 20 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: شۆڕای ئورووپا خەڵاتی مافی مرۆڤی واسلاو هاوڵی دایه نادیا موراد، کچه کوردی ئیزەدی باڵوێزی نیازپاکیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٩ی ڕەزبەر، شۆرای ئورووپا لە دانیشتنێکدالە ستراسبۆرگ، خەڵاتی مافی مرۆڤی واسلاو هاوڵی بۆ ساڵی ٢٠١٦ پێشکەش به نادیا موراد کرد.

ڕۆژی ٢٦ی خەرمانان ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێوڕەسمێکدا نادیا مورادی وەک باڵوێزی نیازپاکی بۆ کاروباری پاراستنی کەرامەتی بەجێماوەکانی قاچاغی مرۆڤ هەڵبژارد.

باڵوێزی نیازپاکیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کەسێکە کە بە کەڵک وەرگرتن لە ناوبانگ و پلەی خۆی هاوکاریی مرۆڤدۆستانە لەگەڵ بەرنامەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.

خەڵاتی مافی مرۆڤی واسلاو هاوڵ بە ناوی نووسەر و چالاکی مافی شارۆمەندی لە کۆماری چێک و سەرکۆماری ئەو کاتی ئەو وڵاتەواته واسلاو هاوڵ، تۆمار کراوه.