خۆراسانی باکوور/هێزە ئیتلاعاتییەکانی چالاکێکی کوردیان دەستبەسەر کرد

13:31 - 9 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی کوردی خەڵکی شاری بجنوورد لە ئوستانی خۆراسانی باکوور، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بەهۆی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی رۆژی چوارشەمە رێکەوتی ٨ی خەزەڵوەر چالاکێکی کورد بەناوی \"مستەفا خەلیلی‌راد\" و خەڵکی شاری بێجنوورد لە ئوستانی خۆراسانی باکوور، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لەماڵەکەیدا دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگویزرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆکاری دەستبەسەر کرانی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان، چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەرێوەبردنی پەیجێکی کوردی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، راگەیاندووە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە لەشوێنی راگیران و چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە هێچ هەواڵێک لەبەر دەستدا نییە.

پێشتریش لەرێکەوتی ١٨ی خاکەلێوەی ئەمساڵ چالاکێکی دیکەی کورد بەناوی مەهدی لە ئوستانی خۆراسانی باکوور، بەهۆی پەیوەندی گرتن لەگەڵ چالاکانی فەرهەنگیی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و پاش ٩٠ رۆژ لە دەستبەسەری، بە سپاردنی بارمتەیەکی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.

مەهدی جەعفەری پاش یەک حەفتە لە ئازاد کران، سەرلەنوێ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرایەوە و هەتا ئێستاش چارەنووسی بە ناڕوونی ماوەتەوە.