خوێندکارانی پەیمانگەی ددانپزیشکیی هەمەدان خوازیاری دەست لەکار کێشانەوەی بەرپرسی پەیمانگە بوون + وێنـــه

19:59 - 22 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارانی پەیمانگەی \"ددانپزیشکیی هەمەدان\" لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ئەمڕۆی خۆیاندا لەبەر دەم ئەو پەیمانگەیە، داوای دەست لەکار کێشانەوەی بەرپرسی پەیمانگەیان کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ١١.٣٠ خولەکی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە خوێندکارانی پەیمانگەی ددانپزیشکیی شاری هەمەدان، بۆ جارێکی دیکە لەمەڕ کەمتەرخەمیی بەرسانی ئەو پەیمانگەیە سەبارەت بە بەداداچوونی دۆسیەی گیان لەدەست دانی گوماناویی \"سەحەر چوینی\"، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێکهێنا.

خوێندکارانی ئەو پەیمانگەیە رایانگەیاندووە، بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ئەو پەیمانگەیە و هەروەها پشتگیری کردن لە بنەماڵەی سەحەر چوینی کچە خوێندکاری مەریوانی، ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییان پێک‌هێناوە.

یەکێک لە خوێندکارانی پەیمانگەی ددانپزیشکیی هەمەدان بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، پاش ئەوەی خوێندکاران بە دروشم دان خوازیاری وەڵام دانەوە بوون، بەرپرسی پەیمانگەی ددانپزیشکیی هەمەدان بەناوی \" حەبیبوڵڵا مووسەوی بەهار\" هاتە شوێنی کۆبوونەوەکە و رایگەیاند کە سەحەر بەهۆی کێشە دەروونییەوە خۆی کوشتووە، ئەمەش تووڕەیی خوێندکارانی لێکەوتەوە و خوازیاری دەست لەکار کێشانەوەی ناوبراو بوون.

ئەو خوێندکارە ئەوەشی خستەڕوو، شەوی رابردوو بەرپرسانی پەیمانگە بە مەبەستی پەردە پۆش کردنی پەروەندەی گیان لەدەست دانی گومانویی سەحەر چوینی، لەنێو پەیمانگەدا نووسراوەیەکیان بڵاو کردووە کە تیایدا نووسرابوو \"سەحەر چوینی بەهۆی کێشەی دەروونییەوە خۆی کوشتووە\".

سەحەر چووینی تەمەن ١٩ ساڵ و خوێندکاری تێرمی دووەمی رشتەی پەرستاریی پەیمانگەی ددانپزیشکیی شاری هەمەدان و خەڵکی شاری مەریوان بوو، کە بە شێوەیەکی گوماناوی لە خەوتنگەی پەیمانگەی ئامژە پێکراو گیانی لەدەست دا.
\"16048.jpg\"

\"16049.jpg\"

\"16050.jpg\"

\"16052.jpg\"

\"16054.jpg\"

\"16053.jpg\"

\"16056.jpg\"