خوێندکارانی زانکۆی ئازادی مەهاباد ناڕەزایەتییان دەربڕی

14:18 - 11 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارانی کۆلێژی پەرستاریی زانکۆی ئازادی مەهاباد، لەهەمبەر لابردنی ڕشتەی پەرستاری لەو زانکۆیە ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، خوێندکارانی ڕشتەی پەرستاریی زانکۆی ئازادی مەهاباد لەهەمبەر لابردنی ڕشتەی پەرستاری لەو زانکۆیە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و لە نامەیەکدا داوایان لە بەپرسانی پێوەندیدار کردووە کە لەهەمبەر ئەو کێشەیە بێ‌دەنگ نەبن.

ناڕەزایەتیی خوێندکارانی ئەو زانکۆیە دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی بێهداشتی حکوومەت لە نامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە خوێندکارانی ئەو ڕشتەیە لە نەخۆشخانە دەوڵەتی و ئەهلییەکانی ئەو شارەدا پەروەردە و ڕا‌هێنایان پێ‏بکرێت.

ئەو خوێندکارانە ڕایانگەیاندووە کە حکوومەت لە هەوڵی ئەوەدایە لە نیوەی ئەمساڵەی خوێندن‌دا، ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات و ئەو بڕیارەش ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی دەرکراوە.

خوێندکارانی ئەو ڕشتەیە باسیان لەوە کردووە کە وەزارەتی بێهداشت دەیهەوێ کە کەمیی کادری دەرمانیی خۆی بە شێوەیەکی غەیرە ئوسوولی قەرەبوو بکاتەوە کە ئەوەش لە داهاتوودا هەڕەشەیەک دەبێت بۆ سەر تەندروستیی کۆمەڵگا.

ئەو بڕیارەی وەزارەتی بێهداشتی حکوومەت لە کاتێک‌دایە کە بەرپرسانی ئەو وەزارتە دەڵێن کە تەنیا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، ٢١ هەزار خوێندکاری ڕشتەی پەرستاری لە ئێراندا خوێندنیان تەواو کردووە و تەنیا کێشەی دامەزراندنیان هەیە، نەک پەروەردەی کادری دەرمانی.