خوێندكارێكی كوردی زانكۆی مەراغە رێگری لەخوێندنی كرا

14:52 - 18 رێبەندان 2714
ئاژانسی كوردپا: خوێندكارێكی كوردی خەڵكی ناوچەی شامات لەلایەن بەرپرسانی حەراستی زانكۆی مەراغەوە رێگری لە درێژەدان بە خوێندنی كراوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، تەوحید رەجەب پوور خوێندكاری بەشی ئەندازیاری \"مواد( متالۆژی سەنعەتی)\" كە لە زانستگەی \" تەکنیکی\" شاری مەراغە سەرقاڵی خوێندن بووە، ماوەی چەند رۆژ لەمەوبەر لەلایەن حەراستەوە رێگریی لە چوونی بۆ زانكۆ كراوە.

بەوتەی یەكێك لە خوێندكارانی زانستگەی \" تەکنیکی\"ی مەراغە، تەوحید بە بەردەوامی خرابوویە ژێر چاوەدێری و چەندین جاریش بانگهێشتی كۆمیتەی ئینزباتی زانستگەكە و حەراستی زانكۆی مەراغە كرابوو.

ئەو خوێندكارە باسی لەوەش كردووە، تەوحید رەجەب پوور ماوەی یەک ساڵ لەمەوبەر بە مەبەستی گەشت و سەیران بە ئاشكرا سەردانی شارەكانی هەرێمی كوردستانی كردبوو.

سەرچاوەكە ئەوەشی خستە ڕوو لەو كاتەوە ناوەندە ئەمنیەتییەكان و حەراستەی ناو زانكۆ فشارییان خستە سەر ئەو خوێندكارە كوردە و ماوەی دوو مانگ لەمەوبەریش لەلایەن كۆمیتەی ئینزباتی زانستگەكەوە بۆ یەك حەفتە رێگریی لە خوێندنی كرابوو.

زانستگەی \" فەننی ـ موهەندیسی(تەکنیکی)\" سەر بە زانكۆی دەوڵەتی شاری مەراغەیە و ساڵی ١٣٨٧ دامەزراوە و تێیدا رشتەكانی \" ئەندازیاری عومران ( كارناسی و كارناسی باڵا)، ئەندازیاریی مكانیك و ئەندازیاری مەواد(كارناسی و كارناسی باڵا) دەخوێندرێن.

( متالۆژی سەنعەتی) کە بەشێکە لەرشتەی ئەندازیاری مەواد زیاتر کار لەسەر زانستی قاڵکردنی ئاسن و دروستکردنی دەکات.

تەوحید خەڵكی ناوچەی شاماتە و ئێستا لەشاری میاندواو لەپارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا نیشتەجێیە.

هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە هۆكاری رێگری كردن لە خوێندنی ئەو هاووڵاتییە كوردە بە خۆی رانەگەیەندراوە.