خراپیی دۆخی جەستەیی ٣ زیندانیی بەهایی لە رەجایی شاری کەرەج

17:19 - 8 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: بارودۆخی تەندروستی ٣ زیندانیی بەهایی لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج تێکچووە و لەلایەن بەرپرسانی ئەو زیندانەوە هیچ ئاوڕێکیان لێ نادرێتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٣ زیندانی بەهایی بەناوەکانی \" فوئاد موقەدەم، ماشاڵڵا حائێری، ئەمانوڵڵا موستەقیم\" بەهۆ خراپیی خواردنەکانی نێو زیندان تووشی نەخۆشی بوون و لە چارەسەریی پزیشکی بێبەرین.

یەکێک لە زیندانیانی رەجایی شاری کەرەج بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، ئەو ٣ زیندانییە بەهاییە هەتا ئیستا چەندین جار داوایان لە بەرپرسانی زیندان کردووە بۆ چارەسەریی نەخۆشیەیکەیان رەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان بکرێن، بەڵام بەرپرسان لەژێـر فشاری هێــزە ئیتلاعاتییەکاندا خۆیان لە داوای ئەو زیندانیانە بواردووە.

ئەو زیندانییە راشیگەیاند، کۆمەڵێک لە زیندانیانی سیاسیی دیکە بەناوەکانی \" خالید حەردانی، ساڵح کوهەندڵ، رەزاشەریفی بۆکانی، نامێق مەحموودی، رەسووڵ بوداغی، بێهنوود عەزیزی، مەحەمەد بادەوام، عەباس بادفەر و چەندین زیندانیی مەزهەبیی دیکە ماوەی زیاتر لە ٢ ساڵ تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر بوون و هەتا ئێستاش هیچ چارەسەرییەکیان بۆ نەکراوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، باروودۆخی \"رەسووڵ بوداغی و نامێق مەحموودی زیندانیی سیاسیی کورد رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو خراپتر بوون دەچێت بەشێوەیەک کە نامێق مەحموودی تەمەن ٦٢ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز یەکێک لە چاوەکانی توانای دیتنی نەماوە.