حەسەنی ڕووحانی ئامریکای بە پشتیوانی تیرۆریزم ناوزەد کرد

15:03 - 19 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: سەرکۆماری ئێران حەسەن ڕووحانی، ئامریکای بە پشتیوانی تیرۆریزم ناوزەد کرد و گوتی: \" ئەوان بۆ خویان بناغەدانەر وپشتیوانی تیرۆریزمن\".

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، حەسەن ڕووحانی لە کۆبوونەوەی هەیئەتی دەوڵەتدا، بێ ئەوەی ناوی دۆناڵد ترامپ و ئەمریکا بهێنێت، گوتی: \"ئەمڕۆ کەسانێک لە کون و قوژبنی دونیادا هەن کە بە بیانووی شەڕ لەگەڵ تیرۆریزم، دەڵێن نابێت ڕێگە بدرێت موسوڵمانان بێنە نێو وڵاتانی دیکەوە\".

سەرکۆماری ئێران لە درێژەی وتەکانی لە کۆبوونەوەی هەیئەتی دەوڵەتدا دەڵێت؛ \"ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەوان بۆخویان پشتیوانیی لە ترۆریزم دەکەن و ئەم کێشەیان لە جیهاندا دروست کردووە\".

ئەم لێدوانەی حەسەن ڕووحانی لە دگمەن لێدوانەکانی ناوبراو بە ئەژماردێت، کە ئەمریکا وەکوو پشتیوان و بناغەدانەری تیرۆریزم دەناسێنێت.

ئەو لێدوانەی حەسەن ڕووحانی لە وەڵامی لێدوانەکەی دۆناڵد ترامپ بەربژێری کۆماری خوازەکان بۆ سەرکۆماریی ئەمریکادا هاتووە، کە گوتبووی نابێ وڵاتە یەکگرتووەکان ئیزن بدەن موسوڵمانان بێنە ئەم وڵاتەوە، هەتا یاسادانەرەکان و نوێنەرەکان سەرچاوەی کێشەکان بدۆزنەوە.

مورتەزا سەرمەدی، قائیم‏مەقامی وەزارەتی کاروباری دەرەوە، ڕەخنەی لە وتەکانی نوێنەری کۆماری خوازەکان گرت و گوتی: \"ترس لە ئیسلام لە ڕۆژئاوا، یارمەتیدەری لە گەڵ تیرۆریزم نابێت\".

بە وتەی هەواڵدەریی ئیرنا، سەرمەدی ئەو جۆرە لێدوانانەی نوێنەری کۆماری خوازەکانی وەکوو دانی \"خەڵاتێک بە گرووپە توندئاژۆکان\" زانیوە.