حکوومەتی هەرێم، خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی وڵاتی سویدی هەڵوەشاندەوە

23:28 - 14 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: بە دەستێوەردانی چەند لایەنەی حکوموەتی هەرێمی کوردستانی ئێراق، خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج‌شەممەی وڵاتی سوید هەڵوەشایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا،پاش هێرشی هیزەکانی دژە تیرۆری شاری کۆیە بۆسەر مقەڕی حیزبی دیمۆکرات، کۆمەڵێک لە رێکخراوە مەدەنییەکانو چالاکانی سیاسی و بەتایەبت ئەندام و لایەنگرانی ئەو حیزبە بە بڵاوکردنەوەی راگەیاندراوێک، لە هەوڵی پێکهێنانی خۆپیشاندانێک لە راستای مەحکووم کردنی ئەو کردەوەیەی دژە تیرۆری کۆیەدا بوون، کە کاتژمێرێک بەر لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکە، ئەو هەوڵە پەک خرا.

مەنسوور عەزیزی، یەکێک لە ئەندامانی رێبەریی ئەو حیزبە بە هەوالدەریی کوردپای راگەیاند: تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات، بەپێی بڕیاراتی حیزبی کە لەلایەن دەفتەری سیاسیی ئەو حیزبەوە پێێان راگەیاندراوە، ئەندامانی حیزبمان ئاگادار کردۆتەوە کە بەشداری لە خۆپیشاندانی نارەزایەتیدا نەکەن.

بەرپرسی تەشکیلاتی حیزبی دیمۆکرات لە دەرەوەی کوردستان، سەبارەت بە هەڵوەشانەوەی ئەو خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییە گوتیشی: نوینەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە ولاتی سوید داوای لە خۆپیشاندەران کردووە هەتا داخوازییەکانمان بە شێوەی نووسراوە و لە رێگەی لێژنەیەکی چەند کەسییەوە پێیان رابگەیەندرێت.

ئەو ئەندامەی رێبەریی حیزبی دێمۆکرات، هەلومەرجی هەستیاری ناوچەکە و بەتایبەت کوردستان، ئەو هۆکارانە بوون کە لایەنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی ئەو خۆپیشاندانە خستیانە روو، کە لەلایەن ئێمەوە قەبووڵ کران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لە رێکەوتنێک لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکیەتیی نیشمانیی کوردستان و حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئیران لە مقەڕی سەرەکیی حیزبی دیمۆکراتدا کرد.

لاپەڕەی فەرمیی تەشکیلاتی دەرەوەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، هەواڵی سەردانی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مقەڕی سەرەکیی ئەو حیزبەی بڵاو کردۆتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ راگەیاندراوێکی فەرمی لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبی دیمۆکراتەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

دوو رۆژ پێش ئێستا نزیک بە ٣٠ کەس هێزی دژە تیرۆری حکوومەتی هەرێمی کوردستان هێرشیان کردە سەر مقەڕی سەرەکیی ئەو حیزبە و ژمارەیەک لە پێشمەرگە و بنەماڵەی ئەو حیزبەیان داوەتە بەر لێدان و سوکایەتی پێکردن.

هێرشی هێزەکانی هەرێمی کوردستان بۆسەر حیزبی دیمۆکرات، پەرچەکرداری خێرای دەفتەری سیاسیی ئەو حیزبەی بەدوای خۆیدا هێنا و بە فەرمی ئەو هێرشەیان مەحکووم کرد و خوازیاری بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەنجامدەران وبڕیاردەرانی ئەو هێرشە بوو.

ناڕەزایەتی دەربڕین لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان پاشهاتێکی دیکەی هێرشی هیزەکانی دژە تیرۆر بووەم کە نیگەرانیی ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێرانی بەدوای خۆیدا هێنا.