حوکمی چوار هاووڵاتیی کورد لە زیندانی تەعزیرییەوە بۆ زیندانی تەعلیقی گۆڕدرا

ئاژانسی کوردپا: دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە، حوکمی زیندانی تەعزیریی چوار هاووڵاتی کوردی بۆ زیندانی تەعلیقی گۆڕی.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حوکمی چوار ساڵ زیندانی تەعزیریی چوار هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی " هێمن موحەممەدیان، پووریا ناسری، یادگار جەعفەری و یاسین کەریمی" لە دادگای پێداچوونەوەی شاری سنەدا، بۆ چوار ساڵ زیندانی تەعلیقی گۆڕدرا.

ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ی ڕەزبەر، لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنەوە، سەرجەم بە چوار ساڵ زیندان حوکم درابوون.

بەپێی حوکمی دەرکراو، ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە هەرکامەیان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام بە قازانجی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرابوون.

ئەم چوار لاوە کوردە ڕۆژی شەممە، ٢٢ی پووشپەڕ، هاوکات لەگەڵ ٣٠ـەمین ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور قاسملوو، ڕێبەری کاریزماتیکی نەتەوەی کورد ، لە شاری سنە و لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون. 

ئەم چوار لاوە کوردە پاش ڕۆژێک لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدا، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری سنە ڕاگوێزرابوون.

ئەم لاوانە، سەبارەت بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕدا و لە ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور قاسملوودا، لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی پووشپەڕ، ئەم چوار لاوە کوردە بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد کران.

وێنە: یادگار جەعفەری، پووریا ناسری و هێمن موحەممەدیان