حوکمی زیندانیی دوو هاووڵاتیی شنۆیی لە دادگای پێداچوونەوە، پشتڕاست کرایەوە

10:40 - 4 رێبەندان 2720

حوکمی زیندانیی دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ڕەحیم ڕەفعەتی، کوڕی محەممەد و ڕەحمان تابش، کوڕی موراد"، خەڵکی شنۆ، لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، پشتڕاست کرایەوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، لەلایەن دادگای ئینقلابی شنۆ، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران و تەبانی دژی نیزام"، بە ۳ ساڵ و ۷ مانگ زیندان و بە تۆمەتی "پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٨ مانگ زیندان، مەحکووم کرابوون.

بەپێی یاسای کۆکردنەوە، جێبەجێکردنی حوکمی توندترین سزا بۆ ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە ئارادایە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی یەکشەممە ۱٥ی پووشپەڕی ئەمساڵ، بە بێ بەڵگەی یاسایی، بە تۆمەتی "هاوکاریی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە، مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ پاش تەواوبوونی لێپرسینەوە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرابوون.

وێنە: ڕەحیم ڕەفعەتی و ڕەحمان تابش