حكوومەتی ئێران جارێكی تر پێداگریی لەسەر پشتیوانی لە حكوومەتی بەشار ئەسەد داگرتەوە

14:08 - 26 رێبەندان 2711
كوردپا: وەزیری دەرەوەی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ جارێكی تر پشتیوانی لە حكوومەتی سووریە دەربڕیوە و وتیشی: حكوومەتەكەی لەگەڵ دەستێوەردانی دەرەكی لە كاروباری ناوخۆی سووریە دژایەتی دەكات.

هەواڵدەریی فارس بڵاوی كردەوە، عەلی ئەكبەر ساڵحی لە چاوپێكەوتن لەگەڵ وەزیری تەندروستیی لوبنان رایگەیاندووە، حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بە بەردەوامی پشتیوانی خۆیانی لە دەوڵەتی سووریە دەربڕیووە و خوازیاری چاكسازی لەو وڵاتەش دایە.

ناڕازییانی حكوومەتی سووریە بە بەردەوامی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانیان بە پشتیوانیی بەشار ئەسەد بۆ سەركوتی هاووڵاتییان تاوانبار كردووە.

ناڕازییانی ئەو وڵاتە بە نیشانەی ئیعتراز بە پشتیوانیی ئێران لە سووریە، هەتا ئێستا بۆ چەندین جار ئاڵای ئەو وڵاتەیان لە حومس سووتاندووە.

عەلی ئەكبەر ساڵحی ئاشكراشی كردووە، یەكێك لە رێكارە سەرەكییەكانی حكوومەتی ئێران بۆ چارەسەریی كێشەكانی سووریە پشتیوانی كردن لە دەوڵەتی بەشار ئەسەدە.

پێشتریش وەزیری دەرەوەی حكوومەتە تاران وێڕای هۆشداری دان بە وڵاتانی دەورووبەری كەنداو رایگەیاندبوو، ئێمە لە هەڵوێستمان لە هەمبەر سووریە پێداگرین و پاشگەز نابینەوە.