تەقینەوەی گاز لە تاران، گیانی دوو کرێکاری کوردی ستاند

14:08 - 15 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: دوو کارێکاری کورد، کە لە تاران سەرقاڵی کرێکاری بوون، بەهۆی تەقینەوەی کەپسوولی گاز گیانیان لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٤ی بەفرانبار ٢ کرێکاری کورد لە مەیدانی تەڕەباری (میدان معلم – یافت آباد)ی تاران، لە رووداوێکی تەقینەوەی کەپسوولی گازدا بوونەتە قوربانی.

ئەو دوو کرێکارە کوردە کە هەتا ئێستا شوناسیان بۆ ئاژانسی کوردپا روون نەبۆتەوە، خەڵكی شاری قوروە بوون، کە بۆ دابین کردنی بژیویی ژیان روویان لە تاران کردبوو.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو دوو کرێکارە کوردە، بەبێ بیمە و بەشێوەی گرێبەستی لەو مەیدان تەرەبارییەدا کاریان کردووە.

تەرمی ئەو دوو کرێکارە، رەوانەی پزیشکی دادوەریی تاران کراوەو هەتا ئێستا رادەستی بنەماڵەکانیان نەکراونەتەوە.

بەهۆی نەبوونی هەلی کار لە ناوچە کوردنشینەکانی ئیران، کە ئەنجامی هەڵاوارادنی ناوچە کوردنشینەکان لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوەیە، هاووڵاتییانی کورد بۆ دابین کردنی بژیویی ژیان رووی لە ناوچەکانی دیکەی ئێران و هەروەها هەرێمی کوردستان دەکەن، کە زۆرجار بەهۆی نەبوونی ئەمنیەتی کار، بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.

بەپێی ئاماری رێکخراوی پزیشکیی ئوستانی کوردستان، لەماوەی حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا (١ی خاکەلێوە هەتا کۆتایی مناگی رەزبەر)، ٨ کەس بەهۆی رووداوی کارەوە لە ئوستانی کوردستاندا گیانیان لەدەست داوە.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٨ کرێکاری کورد لە هەرێمی کوردستان (عێراق)، بەهۆی رووداوی جۆراوجۆرەوە گیانیان لەدەست داوە.