تەرمی ئەحمەد قازی لەمەهاباد بە خاک سپێردرا

16:07 - 18 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: پاش ئەوەی ئەحمەد قازی نووسەر و وەرگێڕی ناسراوی کورد لەیەکێک لەنەخۆشخانەکانی شاری تاران کۆچی دوایی کرد، تەرمەکەی لەشاری مەهاباد ئەسپەردەی خاک کرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەکی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ١٨ی جۆزەردان تەرمی ئەحمەد قازی ئەدیبی ناوداری کورد لە گۆڕستانی سپی بە بەشداریی خەڵکێکی زۆر ئەسپەردەی خاک کرا.

تەرمی ئەو ئەدیبە کوردە بەر لەناشتنی بە دەوری گۆڕەپانی \"چوارچرادا\" سووڕێندراوەتەوە و دواتریش بەوەر منزڵگە هەمیشەییەکی بردراوە.

ئەحمەد قازی نووسەر، وەرگێڕ و شاعیری کورد رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٧ی جۆزەردان بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجەی ریخۆڵە لەنەخۆشخانەیەکی شاری تاران کۆچی دوایی کرد.

ئەو نووسەرە کوردە خاوەنی زیاتر لە ٢٠ بەرهەمی نووسین و وەرگێڕانە و کتێبەکانی \" دن کیشوت\" و \" گیل گمش\" لە شاکارە ئەدەبییەکانی ئەحمەد قازین.