تەرمی "موختار خەندانی"، ئەندامی کۆمیتەی قەیرانی ئەنجومەنی ژیوای پاوە لەژێر گوشاری ئیتلاعات، بە شەودا نێژرا
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ٩ی پووشپەڕ، تەرمی "موختار خەندانی"، وتەبێژ و ئەندامی هەیئەتی دامەزرێنەران و ئەندامی کۆمیتەی قەیرانی ئەنجومەنی ژیوای پاوە، کە لە ئاگرتنەوەی ناوچەی "مەرەخێڵـ"ـی ئەو شارە دا گیانی لەدەست دا، لەژێر گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی پاوە بە شەودا نێژرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیدارەی ئیتلاعاتی پاوە، بنەماڵەی ئەو چالاکە ژینگەپارێزەی خستووەتە ژێر گوشارەوە کە دەبێ دەستبەجێ پێش لە هەڵاتنی خۆر تەرمی "موختار خەندانی" ئەسپەردەی خاک بکرێت.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "تەرمی موختار خەندانی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە لە پزیشکی دادوەریی پاوە ڕەوانەی نەوسوود، شوێنی لەدایکبوونی ئەو چالاکە ژینگەییە، کراوە".
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەم هەوڵەی ئیدارەی ئیتلاعاتی پاوە بۆ پێشگیری لە بەشداریی فراوانی هاووڵاتییان لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەو چالاکە مەدەنییە ڕوویداوە.
ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا، ڕایگەیاند: "ئەم هەوڵەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پاوە، ناڕەزایەتیی چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزیی ئەو شارەی لێکەوتووتەوە".
ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەر، سێ چالاکی ژینگەپارێزی بە ناوەکانی "موختار خەندانی"، وتەبێژ و ئەندامی هەیئەتی دامەزرێنەران و ئەندامی کۆمیتەی قەیرانی ئەنجومەنی ژیوای پاوە، "بیلال ئەمینی" و "یاسین کەریمی"، لە ئاگرەکانی ناوچەی مەرەخێڵ و بۆزینی پاوە گیانیان لەدەست دا.