تەبەرزەدی روو لە بانکی موون: تەنیا داواکاریی مەحەمەد نەزەری، پێراگەیشتنێکی عادڵانەی دادوەرییە

16:51 - 27 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە بە پێشینەترین زیندانیانی سیاسیی لە ئێران، زیندانی کرانی (محەمەد نەزەری)ی بە کارەساتێکی گەورەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا لە قەڵەم داوە.

حیشمەتوڵڵا تەبەرزەدی لە نامەیەکدا روو لە سەرۆکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، کە سکاڵانەمەکەی وەکوو \"بەڵگەیەی رەسمی\" لە پەروەرندەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا بایەخ و سەرنجی پێ بدرێت.

\"22148.jpg\"
محەمەد نەزەری لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوییەوە لە زینداندا راگیراوە
تەبەرزەدی لەو نامەیەدا ئاماژەی بە ٢٠ ساڵ زیندانی کرانی محەمەد نەزەری کردووە و نووسیویەتی؛ \"پێڕاگەیشتنێکی عادڵانە بە دۆسیەکەیدا\"، تاقە خواستی ئەو چالاکە سیاسییە کوردەیە.

ئەو رۆژنامەنووسە ناسراوە، باسی لە پەروەردەی سەتار بەهەشتی و ئەرژەنگ داودی بۆ \"روونبوونەوەی باسەکان\" لەمەڕ پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا کردووە.

دەقی نامەی حیشمەتوڵڵا تەبەرزەدی بۆ بانکی موون، بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوەو کراوەتە کوردی:

لەگەڵ سڵاوێکی گەرم.

ئاگادار بوومەوە، ئەو لێپرسراوە باڵایە سەبارەت بە پێشێلکاریی سیتماتیکی مافی مرۆڤ لە ئێران، کە لەلایەن رژیمی ئیسلامییەوە بەڕێوە دەچێت، نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە. هەرچەندە ئیمکانی ئەوەم نییە دەستم بە وردەکاریی قسەکانی ئەو بەرپرسە باڵایە رابگات، بەڵام جێگەی خۆیەتی، لەم رێگەیەوە سوپاس و پیزانی خۆمی پێ رابگەیەنم.

بەڕێز! من وەکوو بەپێشینەترین رۆژنامەنووسی زیندانیی نێو زیندانەکانی ئێران، کە لەماوەی ١٦ ساڵی رابردوودا لە نێو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا زۆرم ئەشکەنجە دیوە، ئیزن دەخوازم ئاماژە بە سێ نموونەی زەق و ئاشکرای پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە زیندانەکانی رژیمی دەسەڵاتداری ئیسلامیی ئێراندا بکەم، هەتا گەورەیی کارەساتەکە زیاتر خوی دەربخات و خۆی بنوینێت.

پێویستە ئەوەش بڵێم، کە من وەکوو رۆژنامەنووسێک لە رووی ویژدانەوەو بۆ روونبوونەوەی راستییەکان سەبارەت بە دۆسیەی ئەو سێ کەسە ئەم شتانە دەنووسم، هەر بۆیە چاوەڕوانی ئەوەم لێتان هەیە ئەم سکاڵانامەیە وەکوو بەڵگەیەکی فەرمی لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بخرێتە بەرباس و سەرنج.

١- محەمەد نەزەری زیاتر لە ٢٠ ساڵە کە لە زیندان دایە، ناوبراو ئەندامی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بووەو بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێکی ئەنجام دابێت، تەنیا لەبەر ئەشکەنجەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و لەرووی ناچارییەوە، بەدژی خۆی دانی بە چەند شتێکی ساختەدا ناوە. پێتانوانییە کە ٢٠ ساڵ زیندانی بۆ کەسیک کە تەمەنی ٢٣ ساڵ بووەو ئێستاش ٤٤ ساڵەی تەمەنی تێپەڕ دەکات، بڕیارە هەتا کۆتایی تەمەنی لە زینداندا بمێنێتەوە، نرخێکی یەکجار گەورە و گران نییە؟. تەنیا داواکاریی ئەوەیە لە دادگایەکی عادڵانەدا پێداچوونەوە بە پەروەندەکەیدا بکرێت.

\"22147.jpg\"
سەتار بەهەشتی وئەرژەنگ داودی
٢- دەزانم کە ئاگاداری پەروەندەی سەتار بەهەشتی هەیت، هێزە ئینتزامییەکان رژیمی ئیسلامیی دەسەڵاتدار لە ئێران، ئەو وێبلاگنووسەیان بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەستبەسەر کرد و لە کاتێکدا کە تەنیا رەخنەی لە خامنەیی رێبەری ئەو حکوومەتە گرتبوو، کوشتیان. ئەو کەسەی لێکۆڵینەوەی لە سەتار بەهەشتی کردبوو، لە بەردەم دادوەری دادگا و دایکی ئەو وێبلاگنووسەدا دانی بە کوشتنی سەتاردا نابوو، بەڵام دەزگای قەزایی ئایدیۆلۆژیک و ناعادڵانەی کۆماری ئیسلامی، نە تەنیا بە شێوەی عادڵانە پێڕاگەیشتنی بەو پەروەندەیەدا نەکرد، تەنانەت داوای لێبوردنیشی لە دایکی سەتار بەهەشتی نەکرد، بەڵکوو بکوژەکەی بە سێ ساڵ زیندانی و دوورخرانەوە مەحکووم کرد.

٣- ئەرژەنگ داودی زیندانییەکی سیاسییە، کە ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە بەهۆی دەربڕینی بیروباوەڕییەوە لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، ئەوەیش نەک لەبەر کار و چالاکیی سیاسی، لە زیندان راگیراوە. لەم دواییانەدا دادگای ئینقلاب بەبێ رەچاوکردنی یاسا و بەبێ پێراگەیشتنێکی عادڵانە، ناوبراوی بە تۆمەتی تەبلیغ بۆ رێکخرای موجاهدینی خەڵق بە سێدارە مەحکووم کرد و لە کاتێکدا ئەم زیندانییە هیچ لایەنگرییەکی بۆ ئەو رێکخراوەیە نییە، بەڵکوو لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردووشدا لە زینداندا بووە. ئاخۆ بەڕاستی دەکرێ لە نێو زینداندا تەبلیغات بۆ رێکخراوێک بکەی کە هیچ باوەڕێکت پێی نەبێت و بۆ ئەوەش سزای لەسێدارەدانت بۆ ببڕدرێتەوە؟!

رۆژنامەنووسی زیندانی: حیشمەتوڵڵا تەبەرزەدی
ئێران/ کەرەج/ زیندانی رەجایی‌شار ٢٥ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی