تۆمارکردنی ڕێکۆردێکی نوێی \"ئێعتباری\" بۆ ئێران

12:20 - 26 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: پاسپۆرتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەنووکە یەکێک لە \"بێ ئێعتبار\"ترین پاسپۆرتەکانی جیهانە.

دامەزراوەی نێونەتەوەیی \"هێنلی و شەریکەکان\" لە دواڕاپۆرتی خۆیدا، پلەبەندیی بۆ پاسپۆرتی وڵاتانی جیهانی کردووە کە تێیدا، پاسپۆرتی ئێرانی هاوتەریبە لەگەڵ پاسپۆرتی وڵاتانێکی وەک: ئێریترە، ئێتیۆپی، نێپاڵ و سوودان.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاماژەبۆکراو، کە بە لەبەرچاوگرتنی ئازادیی سەفەر کردنی هاووڵاتییانی وڵاتە جیاوازەکانی جیهان و بە هاوکاریی ئەنجومەنی نێونەتەوەیی ڕاگواستنی هەوایی ئامادە دەکرێت و دادەڕێژرێت، وڵاتەکانی ئاڵمان و سۆئێد بە خاوەنی باشترین پاسپۆرتی جیهان ناسێندراون.

هەروەها وڵاتەکانی فەنلاند، فەڕانسە، ئیتالیا و ئێسپانیا بەشێوەی هاوبەش پلەی سێهەم و وڵاتانی ئامریکا، بێلژیک، دانمارک و هۆلەند پلەی چوارەمیان لەم بوارەدا بۆ خۆیان تۆمار کردووە.

ڕاپۆرتی دامەزراوەی \"هێنلی و شەریکەکان\"، لە نێوان ٢٠٠ وڵاتی جیهاندا ئەم پۆلێن بەندییەی ئەنجام داوە.

گرینگیی ڕاپۆرتی ساڵانەی هێنلی لەوەدایە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر جێگە و پێگە و پرێستیژی وڵاتان و خەڵکەکەی و هەروەها ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی دادەنێت کە ئەمساڵ ئێران پلەی ٩٨ی وەدەست هێناوە.

ئەمساڵ ئێران تەنیا بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانێکی وەک لیبی، سووریە، عێراق، سوومالی، ئەفغانستان و پاکستان کە شەڕ و ئاڵۆزییان تێدایە باشترە.