تراژێدیای ئێعدامەکان باڵی بە سەر هاووڵاتییانی کورددا کێشاوە

20:45 - 27 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: بە بەشداریی بەشێک لە بەرپرسانی ئەمنیەتی_قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری کرماشان، دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی شارەکانی سەقز و جوانڕۆ لە زیندانی دێزڵئاوای شاری کرماشان لەسێدراە دران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٥ی بەفرانبار، بە تاوانی کڕین و فرۆشتنی ماددەی سڕکەر، حوکمی دوو هاووڵاتیی کورد لە زیندانی ناوەندیی شاری کرماشان جێبەجێ کرا.

تۆڕی مافی مرۆڤی ئێران شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی بە \"سەیفوڵڵا حەسەنیان\" تەمەن ٣٣ ساڵە کوڕی ئیبراهیم، خەڵکی شاری سەقز و \"تۆفیق بەهرام نێژاد\" تەمەن ٣١ ساڵە کوڕی قاسم، خەڵکی شاری جوانڕۆ ڕاگەیاندووە.

سەیفوڵڵا مانگی بەفرانباری ساڵی ٨٩ی هەتاوی، لە شاری سەحنەی پارێزگای کرماشان بە تۆمەتی کرێن و فرۆشتنی ٢کیلۆ و ٢٠٠ گرەم کراک و ١کیلۆ و ٨٠٠ گرەم شیشە دەستبەسەر و مانگی جۆزەردانی ٩١ی هەتاوی لە دادگای ئینقلابی شاری جوانڕۆ لەلایەن دادوەر \"حیکمەتی\" سزای ئێعدامی بە سەردا سەپابوو.

هەروەها تۆفیق بەهرام نێژاد ساڵی ٩١ی هەتاوی بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددەی سڕکەر دەستبەسەر و مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٢ی هەتاوی لەلقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری کرماشان بە ئێعدام مەحکووم کرابوو،

هەر لەو پەیوەندییەدا، سەرەتای ئەم حەوتوویە، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بە ناوی محەممەد سلێمانی خەڵکی شاری کرماشان بە هۆی دانپێدانان و لەسەر بنەمای شاهێدیی کەسانی دیکە بە ئێعدام مەحکووم کرابوو، لە زیندانی ناوەندی شاری کەرەج ئێعدام کرا.

لانیکەم لە مانگی١ی ژانوییە هەتا ٢٠ی مانگی جوولای ساڵی ڕابردوو(٢٠١٦) ٢٥٠ کەس لە ئێران لەسێدراە دراون کە بە شێوەی نێونجی ڕۆژانە یەک کەس لە ئێران ئێعدام دەکرێت.

ئەگەرچی دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە شێوەی ڕاستەوخۆ کۆنتڕۆڵی بە سەر زیندانەکان و ئێعدامەکاندا نیە، بەڵام دەوڵەتی یازدەهەم لە بواری بەڕێوەبردنی بەڵێنەکانی خۆی سەبارەت بە چاککردنی بارودۆخی مافی مرۆڤ سەرکەوتوو نەبووە.