تاهیر ئەلچی سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی ئامەد لە گۆڕستانی \"یەنی شەهر\"دا بە خاك سپێردرا

20:33 - 9 سەرماوەز 2715
ئاژانسی كوردپا: تاهیر ئەلچی سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی ئامەد كە لە ئاكامی شەڕی نێوان پۆلیسی توركیە و كەسانی نەناسراو گیانی لە دەست دابوو، لە گۆڕستانی \"یەنی شەهر\"دا بە خاك سپێردرا.

ڕێوڕەسمی بە خاكسپاردنی ناوبراو لە سەرەتادا لە بەرامبەر پەیكەری مافی مرۆڤ لە پاركی \"كۆشوویۆلۆ\"دا دەستی پێكرد.

دواتریش خەڵكی بەشدار لەو ڕێورەسمەدا كە ژمارەیەكی زۆر لە هاوكاران و هاوپیشەكانی ناوبراویش لە نێوانیاندا بوون، بە دروشمی \"شەهید نامرن\" و بە هەڵگرتنی سەدان وێنەی ناوبراو و لە كاتێكدا كە تەرمی ناوبراویان لە ئاڵای سێ ڕەنگی كوردستان ئاڵابوو، بەرەو گۆڕستانی \"یەنی شەهر\" برد و بە خاكیان سپارد.

لەو ڕێورەسمەدا هاوسەرۆكی \"ه.د.پ\" سەلاحەدین دەمیرتاش گوتارێكی پێشكەش كرد و وتی: \" تاهیر ئەلچی تا دوا ساتەكانی ژیانیشی باسی لە ئاشتی كرد. ئەمە ئەو میراتەیە كە لە ناوبراوەوە بۆ ئێمە بەجێماوە. ئەوانەی كە پێیان وایە بەو هێڕشانە دەمانترسێنن، خۆیان فریو دەدەن...\".

تاهیر ئەلچی سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی ئامەد، تەمەنی ٥٠ ساڵ و باوكی دو منداڵ بوو و دو ڕۆژ لە مەوبەر لە ئاكامی شەڕی نێوان پۆلیسی توركیە و كەسانی نەناسراودا گیانی لە دەست دا. ئێستا هەم دەوڵەتی توركیە و هەمیش پ.ك.ك یەكتری بە كوشتنی ئەلچی تۆمەتبار دەكەن.