بە هەڵگرتنی گەمارۆکان ئابووریی ئێران بۆ ١٠ ساڵ لەوەبەر دەگەڕێتەوە

12:10 - 27 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: سەرباری لابردنی گەمارۆکان و بانگەشەی کاربەدەستانی حکومەتی تاران بۆ چارەسەربوونی کێشە ئابوورییەکان، ئابووریناسان پێیان وایە لە گەشبینانەترین حاڵەتدا، ئابووریی ئەم وڵاتە بۆ ١٠ ساڵ لەوەبەر دەگەڕێتەوە.

ڕۆژنامەی \"ابرار اقتصادی\" لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە ڕەوشی ئابووریی ئێران پاش هەڵگرتنی گەمارۆکان، بۆچوونی کۆمەڵێک لە ئابووریناسانی بڵاو کردۆتەوە کە باس لە بەردەوامیی کێشەکان و وەپاش گەڕانەوەی ئابووریی ئێران بۆ ١٠ ساڵ پێش ئێستا دەکەن.

ئەم کارناسانە پێیان وایە هەڵگرتنی گەمارۆکان، بەپێچەوانەی بانگەشەی بەرپرسانی حکوومەتی، لە گەشبینانەترین حاڵەتدا، دەتوانێ ٣٠ لە سەدی کێشە ئابوورییەکانی ئەم وڵاتە چارەسەر بکات و چارەسەرکردنی ٧٠ لە سەدەکەی دیکەی، دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتداڕێژیی و بەرنامەڕێژیی کاربەدەستانی حکوومەتی.

ئەم ئابووریناسانە دەڵێن؛ لابردنی گەمارۆکان تەنیا ئاسەواری کورتخایەنیان دەبێت کە هەمان ئاسەواری ڕەوانییە لە سەر بازاڕ و ئەگەر دەوڵەتی ڕووحانی بیهەوێ وەک پێشوو مۆدیریەتی ئابووریی ئێران بکات، لە گەشبینانەترین حاڵەتدا، ئابووریی ئێران بۆ ١٠ لەوەپێش دەگەڕێتەوە و نابێ چاوەڕێی گەشەکردن و بووژانەوە بین.

هەواڵی هەڵگیرانی گەمارۆکان و دژکردەوەی ئابووریناسان، لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە هەنووکە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، جیاواز لە کێشەکانی ڕابردوو، لەگەڵ ئاریشەی دابەزینی نرخی نەوت بەرەوڕووە کە سیاسەتداڕێژییە کەڵانەکانی ئەو ڕێژیمە پەیوەستن بە نرخی نەوتەوە.