بە هۆی گوشاری پێشنوێژی هەینیی پاوە، فێستیڤاڵی هەنار لە \"داریان\" هەڵوەشایەوە

ئاژانسی کوردپا: ڕێوڕەسمی جێژنی هەنار لە گوندی \"داریان\" سەر بە شاری پاوە، بە هۆی دژایەتیی پێشنوێژی ئەو شارە و ناوەندە ئیتلاعاتییەکان هەڵوەشایەوە.

پاش هەڵوەشاندنەوەی فێستیڤاڵی هەنار لە بەشی باینگان، ئەم جارەش فێستیڤاڵی هەنار لە گوندی \"داریان\" بە هۆی گوشاری پێشنوێژی هەینیی پاوە و ناوەندە حکوومەتییەکان هەڵوەشایەوە.

ئەو ڕێوەرەسمە بڕیاربوو، ڕۆژی هەینی ١٥ی خەزەڵوەر بەڕێوە بچێت و شوێنی ڕێوەڕەسمەکە \"نگین هورامان\" کە بەرپرسایەتی بەڕێوەچوونی ئەم ڕێورەسمە لە ئەستۆدا بووە، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێک، ڕایگەیاند: \"بە هۆی سرنج و تێبینیی هێندێک لە کەسایەتییەکان و نەدانی مۆڵەتی پێویست لە لایەن فەرمانداریی شاری پاوە و دەزگا پەیوەندییدارەکان، فێستیڤاڵی هەناری داریان هەڵوەشایەوە\".

دژایەتی مەلا قادر قادری یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێوەرەسمە بووە، ناوبراو لە وتەکانی نوێژی هەینی لە ٤ی خەزەڵوەر، ڕەخنەی توندی لە بەڕێوەبەرانی جێژنی هەنار لە ئاستی ناوچەی هەوراماندا گرتبوو و وتبووی: \"جیژنی شوکرانەی هەنار ئەگەر بڕیارە شوکرانە بێت، پێویستی بە بەشداریی ژنانی نیوەڕووت و سەمای جۆراوجۆر نییە، ئەگەریش بە شوێن سەمای جۆراوجۆردان، شوین زۆرە\".

پێشنوێژی هەینی شاری پاوە حیزبی دێموکراتی بە پشتیوانی ڕێوڕەسمی جێژنی هەنار لە هەورامان ناوزەد کردبووە و ڕایگەیاندووە: \"لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا، میدیاکانی معاندی حیزبی دێموکرات چەندین کەرەت هێرشی کردووەتە سەر من. ئەگەر ئەو فێستیڤاڵە بەبێ ‌کەموکۆڕی بوایە، هیچ کات حیزبی دێموکرات پشتیوانی لێ نەدەکرد، کاتێ حیزبی دێموکرات داکۆکیی لە فێستیڤاڵی هەنار دەکات، نابێت بەرپرسانی ئێمە بەوە دڵخۆش بن و شکاندن و ڕووخاندنی کەسایەتیی من لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە، نیشانەی ڕاستی و دروستبوونی لێدوانەکانی منە\".

لەو پەیوەندییەدا، بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی هەنار لە بەشی باینگانی پاوە لە ئەنجامی دژایەتیی مەلا قادر قادری پێشنوێژی هەینی ئەو شارە و سپای پاسداران هەڵوەشایەوە.

شیرکەتی تەعاونی \"نیک‌اندیشانـ\"ـی باینگان، کە سەرپەرەستیی بەڕێوەچوونی ئەو فێستیڤاڵەی لە ئەستۆ بوو بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک لەو پەیوەندییەدا، ڕایگەیاند: \"فێستیڤاڵی هەناری باینگان_دودان کە بڕیار بوو لە ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەر بەڕێوەبچێت، سەرەڕای دژایەتییەکان و پێکهێنانی کەشێکی هەستیار و نەبوونی پاڵنەڕێک بۆ بەڕێوەچوونی ئەو ڕێورەسمە لە لایەن بەرپرسانی شاری پاوە، بەڕێوە ناچێت.

هەر لەو پەیوەندییەدا، لە ڕۆژانی ٢٦ و ٢٧ی ڕەزبەر لە دوو گوندی \"ناو و سلێن\" سەر بە ناوچەی هەورامان فێستیڤاڵی هەنارانە بەڕێوە چوو، کە مەلا قادر قادری، پێشنوێژی هەینیی شاری پاوە، ڕەخنەی توندی لە بەڕێوەچوونی ئەو فێستیڤاڵە گرتبوو و لە نوێژی هەینی ڕۆژی ٢٧ی ڕەزبەر، ڕایگەیاندبوو: \"سەرەڕای ڕەخنەکان و هۆشدارییەکانی ساڵانی ڕابردوو، ئەمساڵ لە شاری پاوە ئەو ڕێوڕەسمانە بەرنامەڕیزی بۆ کراوە؛ زۆربەی هەر زۆری ئەو خەڵکە موسوڵمان و باوەڕمەندی دینین؛ بەندە ساڵی ڕابردوو ڕام گەیاندووە کە لە ساڵانی زووەوە هەنارمان هەیە، بەڵام ئەم شێوە بەرنامانەمان نەبووە کە کچ و کوڕ لە گەڵ یەکدی کۆ ببنەوە و ببنە هۆی دروستکردنی کێشە و ئەم بەرنامانە لە کۆماری ئیسلامیدا، لەم دەوڵەتە بووەتە باو\".