بە تەقەی هێزە حکوومەتییەکان کۆڵبەرێک لە مەریوان کوژرا

16:06 - 17 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی مەریوان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی ڕەشەمە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"مادێح پەرتەوی\" تەمەن ٢٢ ساڵە، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەدرێتە بەر دەستڕێژی گوللە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست‏دا.

\"29711.jpg\"
مادێح پەرتەوی
ئەو کۆڵبەرە کوردە خەڵکی گوندی \"کانی میران\"ە و خێزاندارە.

بە وتەی شایەتحاڵەکان، مادێح پەرتەوەی لە کاتی خاڵی‏کردنی گازۆئیل لە لایەن سەرهەنگ حوجەتوڵڵا پەرویزییەوە تەقەی لێ‏دەکرێت.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە لای ڕان و سینگیەوە چەند گوللەیەکی بەر کەوتووە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ڕێکەوتی ١٣ڕەشەمە، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد لە ناوچەی سنووریی سەردەشت بە ناوی \"سۆران ئەحمەدی\" کوڕی \"عەبدوڵڵا\" بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتی بە توندی بریندار دەکرێت و بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری قەڵادزێ لە هەرێمی کوردستان دەگوازێتەوە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ٢٥ کۆڵبەری کورد لە لایەن هێزەکانی حکوومەتییەوە دراونەتەوە بەر دەستڕێژی گوللە و لە کۆی گشتی ئەو ڕێژەیە، ١٣ کەس کوژراو و ١٢ کەسی دیکەش بریندار کراون.