بەهمەن قوبادی لە فستیڤاڵی کۆسمۆرامای نۆروێژ رەوشی ژیان و فیلمسازیی خۆی تاوتوێ کرد

14:33 - 21 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: بەهمەن قوبادی سینەماکاری کورد لە نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆسمۆرامای وڵاتی نۆروێژ باسی لە ژیان و رەوشی فیلسازیی خۆی کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی كۆسمۆراما بە نمایش کردنی بەرهەمی سینەماكارانی نزیک ٢٥ وڵاتی جۆراوجۆری جیهان بەشی پێشبڕكێی و دەرەوەی پێشبڕكێی، بەشی تایبەت بۆ \"سینەمای ئەمڕۆی ئێران\"، لە چەندین هۆڵی سینەما نۆڤای شاری ترۆندهایم لە وڵاتی نەرویژ بەڕێوەچوو.

بەهمەن قوبادی سینەماکاری کورد بەئامادەبوونی کۆمەڵێک ئەکتەری سینەمای ئێران، رەخنەگری سینەما و هەروەها چەندین کەسایەتی و مامۆستای زانکۆی لە نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کۆسمۆرامای وڵاتی نۆروێژدا بەشداری کرد و ئەو سینەماکارە کوردە لە شەشەمین رۆژی ئەو فێستڤاڵەدا باسی رەوشی ژیان و چۆنیەتی کاری فیلمسازیی خۆی لە دەستپێکەوە هەتا ئیستا باس کرد.

لە رۆژانی بەڕێوەچوونی ئەو فێستیڤاڵەدا و لە بەشی \"سینەمای \"ئەمڕۆی ئێران\"دا چەندین فیلم لە دەرهێنانی سینەماكارانی كورد و ئێرانیی وەک: فیلمی سینەمایی \"وەرزی كەركەدەن\" لە دەرهێنانی بەهمەن قوبادی، فیلمی سینەمایی \"گبە\" واتە \"بەڕە\" لە دەرهێنانی موحسین مەخمەلباف، فیلمی \"این یک فیلم نیست\" واتە \"ئەوە یەك فیلم نییە\" لە دەرهێنانی جەعفەر پەناهی، فیلمی سینەمایی \"پەردە\" لە دەرهێنانی هاوبەشی جەعفەر پەناهی و كامبووزیا پەرتەوی وهەروەها کۆمەڵێک فیلمی دیکە نمایش کران.

\"وەرزی كەركەدەن\" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە نوێنەرایەتیی لە هەرێمی كوردستان لە بەشی \"ڕوانینی جیهانی\" لە میانەی ٣٧مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی هۆنگ كۆنگ نمایشكرا و توانی سێ خەڵاتی سەرەكی حەوتەمین خولی خەڵاتەكانی ساڵانەی سینەمای ئاسیا بەدەست بێنێت.

\"12602.jpg\"

\"12605.jpg\"

\"12601.jpg\"

\"12603.jpg\"

\"12604.jpg\"

\"12606.jpg\"

\"12607.jpg\"