بەرپرسانی نەغەدە هەوڵی دووبەرەکی‌نانەوە دەدەن

20:23 - 28 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: چەندین پەیکەرە و هێمای نەتەوەی تورکی ئازەربایجان لە گۆڕەپانی گەڕەکە کوردنشینەکانی نەغەدە دانران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، لە بەشی کوردنشینی نەغەدە، پەیکەری ناسراوی \"ژنی قەرەپاپاق\" لەلایەن شارەوانیی ئەو شارەوە دانرا.

ئەو پەیکەرە کە بە هێمای ژنی تورک دەناسرێت، لە فەلەکەی وەحدەت و ڕاست لە حەوتووی وەحدەتی شیعە و سوننەدا پەردەی لەسەر لادراوە.

هەروەها لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لە گەڕەکێکی دیکەی کوردنشین بەناوی شەقامی سینەما، پەیکەری سێ پیاو بە هێما نەتەوەییەکانی تورک دانراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای گوت: هەڵمەتی دانانی پەیکەرەگەلێک کە هێمای نەتەوەی تورکن، بیرۆکەی سێ ئەندامی شۆڕای شاری نەغەدەن کە لەلایەن سوپای پاسدارانیشەوە پاڵپشتیی مەعنەوی دەکرێن.

\"\"بە وتەی ئەم سەرچاوەیە؛ پاش دانانی ئێلێمانی قەڵەم لەبەردەم زانستگەی پەیام نوور کە بە ئەستێرە و مانگ ڕازێنداربوویەوە و دژکردەوەی بەرپرسانی حکوومەتی بەدواوە نەبوو، ئێستا گەڵاڵەی دانانی زیاتر لە ١٥ پەیکەر لە شوێنە جیاجیاکانی شاری نەغەدە جێبەجێ دەکرێت.

لەم پێوەندییەدا، فەلەکەی محەممەدی هەوراز، شاخەوانی بەناودەنگی کورد، بۆ \"معلم\" گۆڕدراوە و هەروەها ناوی فەلەکەی \"بیمارستان\" بۆ ناوێکی تورکی (قەلاتاسیان) گۆڕانی بەسەردا هاتووە.

دۆخی پێکهاتوو بۆ نەغەدە ناڕەزایەتیی کوردەکانی لێکەوتۆتەوە، کە دواجار خوڕڕەمی، فەرماندەری سپای پاسدارانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، لە سەفەرێکدا بۆ نەغەدە ڕایگەیاند کە؛ ئەم شێوە ڕەخنە و ناڕەزایەتییە بۆ تێکدانی یەکیەتیی شیعە و سوننەیە و مەبەستی سیاسییان هەیە و نازانن کە نەغەدە دەروازەی ئازەربایجانە.

دەستێوەردانی سپای پاسداران لەکاتێکدایە کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا دوو نەتەوەی تورکی ئازەری و کورد بەهاوبەشی لە مزگەوتی گەڕەکێکی کوردنشین یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامیان کردەوە.

ناوچەی نەغەدە و سندووس بەشێک لە کوردستانی ئێرانن کە نەتەوەی تورکی ئازەریش تێیدا دەژین. تورکەکان پێڕەوی ئایینزای شیعەن و کوردەکانیش پێڕەوی ئایینزای سوننەن.