بەردەوامیی کۆکردنەوەی دیشی ماهوارەی هاووڵاتییانی کورد

15:41 - 9 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی شارستانی پاوە، لە گەڕەکی \"تەپە کوڵە\"ی ئەو شارەدا، دیشی ماهوارەی هاووڵاتیانیان کۆکردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٨ی رێبەندان، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەیان دیشی ماهوارەی هاووڵاتییانی شاری پاوەیان زەوت کرد.

بە گوتەی دانیشتوانی گەڕەکی \"تەپە کۆڵە\"، هێزە ئینتزامییەکان بە بێ مۆڵەتی یاسایی چوونەتە سەربانی خانووی هاووڵاتییان و دیشی ماهوارەی هاووڵاتییان زەوت کردووە.

ئەو سەرچاوەیە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە؛ هێزە ئینتزامییەکان سەرەڕای زەوت کردنی دیشی ماهوارەی هاووڵاتییان، سووکایەتی و بێ حورمەتییان بە هاووڵاتییانیش کردووە.

بەکارهێنانی رسیڤێر و دەزگای ماهوارەیی لە ئێران وەکوو \"تاوان\" لەقەڵ دراوە، بەڵام بەپێی راپۆرتەکان لەسەدا ٧٠ی خەڵکی شارەکانی کوردستان و ئێران چاو لە کەناڵە ماهوارەییەکان دەکەن.

لەاموەی چەند ساڵی رابردوودا، دەیان جار ماهوارەی هاووڵاتییان بەهۆی سەیر کردنی کەناڵی ماهوارەیی سەربە حیزبە کوردییەکان زەوت کراون، کە هێزە حکوموەتییەکان لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بەبێ مۆلەتی یاسایی دەستیان بە زەوتی ماهوارەی هاووڵاتییان کردووە.

حەسەن رۆحانی، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا گوتبووی؛ \"کۆکردنەوەی دیشی ماهوارە هەتا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووەو دەستێوەردان و چوونە نێو سنووری ژیانی شەخسیی هاووڵاتییاندا قەدەغەیە. لە ئێران هەموو کەس ماهوارە بەکار دینێت و تەنانەت لەسەربانی خانووی گوندنشینانیش دیشی ماهوارە دەبیندرێت\".